٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یازدەیەمین کەشتیی نەوتهەڵگری کوردستان، بەندەری جەیهانی جێ هێشت

سەرچاوە: KDP.info
بەندەری جەیهانی تورکیا

هەولێر-KDP.INFO-  بەرپرسێکی تورکیایی دەڵێ، یازدەیەمین کەشتی کە 250هەزار بەرمیل نەوتی کوردستانی بار کردبوو، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەندەری جەیهانی تورکیای جێ هێشت و بەمەیش تا ئێستا، زیاتر لە هەشت ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان کراوە.

ئەو بەرپرسە تورکیاییە کە ناوی نەبراوە گوتی، لە ئێستادا هەرێمی کوردستان لە بری کەشتییە نەوتهەڵگرە زەبەلاحەکان، کەشتیی بچووکتر کە نوێترینیان 250هەزار بەرمیل نەوت دەگرێت، بۆ هەناردەکردنی بۆ بازاڕەکانی جیهان بە کار دەهێنێت.
گەورەبەرپرسێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەفتەی ڕابرد، بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو، حکوومەت بە شێوەی ڕانەگەیەنراو، لە بری ئەو کەشتیانەی پێشووتر کە ملیۆنێک بەرمیل نەوت هەڵدەگرن، ئێستا نەوتەکەیان بە کەشتیی بچووکتر ڕەوانەی بازاڕی نەوت دەکەن.
ئەو بەرپرسە گوتووشیەتی، ڕەوانەکردنی نەوت بەو بڕەکەمترە و فرۆشتنی ئاسانترە. بەڵام بەرپرسانی تورکیایی دەڵێن، ناوی کەشتییە نوێکە نازانن و لە بارەی کڕیارەکەیشەوە، حکوومەتی هەرێم شتێکی پێ نەگوتوون.
بەرپرسانی تورکیایی هاوکات دەڵێن، هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێی بۆرییەوە، بۆ کۆگاکانی نەوت لە تورکیا و ڕەوانەکردنیشی بۆ بازاڕەکان بێکێشەیە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداریش ڕایگەیاندووە، "یازدەیەمین کەشتیی نەوتی بارکراو بە ڕێ کەوت. پێدەچێت لیستێکی ڕێکخراو لە داواکارییەکانی ئەو نەوتەیش لە ساتی ئامادەکرندا بێت."
بەپێی زانیارییەکانیش، چوار کەشتیی نەوتهەڵگر، لە نێو بەندەری جەیهان و دەوروبەری دەبیرێن کە، کەشتیی داینتسی لە جۆری ئەفراماکس و کەشتیێکی گەورەتر کە یونایتد کاریرە لە جۆری سویزماکس، لە نێویاندا هەن و یونایتد کاریریش هیی ئەو کۆمپانیا یۆنانییەیە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر نەوتی پێ دەگوازتەوە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، جموجۆڵی دوو کەشتیی دیکەی هەمان کەشتیگەل کە یونایتد دینامیک و یونایتد ئیمپلم، کە هەریەکەیان ملیۆنێک بەرمیل نەوت هەڵدەگرن و لە جۆری سویزماکسن، بە دووریی کەمتر لە 50 مایل لە بەندەری جەیهان، نەوتیان لێ بەتاڵ کراوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئایار-مایۆوە لە ڕێی بۆریی سەربخۆوە، نەوت هەناردەی تورکیا دەکات.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە، پلانی هەیە فرۆشی نەوتی تا کۆتایی ساڵی 2015 بگەیەنێتە ملیۆنێک بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەیش ئەو توانا ئابوورییە پێویستەی دەداتێ کە لە هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی نزیکتر ببێتەوە.

زریان زیاد

 

هەواڵی پەیوەندیدار