پێشمەرگە لە کۆنترۆڵکردنەوەی زوممار نزیک بوونەتەوە

زوممار-KDP.INFO- فەرماندەی فەرماندەیی دھۆک دەڵێت، هێزەکانی پێشمەرگە زۆر لە زوممار نزیک بوونەتەوە کە تەنیا کیلۆمەترێکیان ماوە بگەنە ناو شارۆچکەکە، بە جۆرێک لەژێر کۆنترۆڵی دۆشکەکانیاندایە.
فەرماندەی فەرماندەیی دھۆک (شێخ عەلی) بە kdp.infoی راگەیاند: "ھێزەکانی پێشمەرگە لە چەند قۆڵێکەوە ھێرشیان کردووەتە سەر چەکدارانی داعش و، هێزەکانمان گەیشتوونەتە گوندی جەفە کە دەکەوێتە رۆژئاوای بەنداوی مووسڵ و لە قۆڵی باشووری زومماریشەوە تا چیای بتنەیشمان کۆنترۆڵ کردووە و لەئێستادا زوممار لەژێر کۆنترۆڵی دۆشکەکانی ئێمەدایە."
(شێخ عەلی) گوتیشی، "لە ئێستادا ھێزەکانی پێشمەرگە لە چیای بتنە کە دەکەوێتە رۆژھەڵاتی زوممار بە دووریی کیلۆمەترێک جێگیر کراون."
فەرماندەی فەرماندەیی دھۆک دەربارەی زیانەکانی شەڕەاکنیان لەگەڵ داعش گوتی، لە چیای بتنە سێ چەکداری داعشیان دەستگیر کردوون و زیانێکی زۆریشیان پێ گەیاندوون و لە پاشەکشەدان.
بە گوتەی ئەو فەرماندەیە، تا ئامادەکردنی ئەو ھەواڵە بۆردوومانکردنی مۆڵگەکانی داعش لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامە.
بڵند ئیبراھیم




