پەرلەمان و حکوومهت شهممه بڕیار له نرخی بەنزین دهدهن

هەولێر-kdp.info- سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، "ئێمە لەسەر ئەوە مكوڕین كە پێویستە نرخی بەنزین بكرێتەوە 500 دینار، بەڵام حكوومەت توانای نییە، بۆیە هەوڵ دەدەین رۆژی شەممە بگەینە رێككەوتن".
سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان (د. شێركۆ جەودەت) بە kdp.info-ی راگەیاند، "ئێمە وەكو پەرلەمانی كوردستان سوورین لەسەر ئەوەی كە پێویستە نرخی بەنزین بكرێتە 500 دینار وەكو پێشوو، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو توانایەی نییە".
سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان گوتیشی، "بڕیارە هەردوو لامان پڕۆژەی خۆمان لەبارەی دیاریكردنی نرخی بەنزین و جۆرەكەی پێشكەش بكەین، بۆ ئەوەی بتوانین رۆژی شەممە بۆ ئەم مەبەستە بگەینە رێككەوتن".
(جەودەت) زیاتر ڕوونی كردەوە، بیانووی حكوومەتیش كە توانای نییە نرخی بەنزین بكاتە 500 دینار، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە ئێستادا لە قەیرانی ئابووریدایە و هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران خەرج بكات.
بڵند ئیبراهیم




