سەرۆک بارزانی و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا کۆ بوونەوە

هەولێر-KDP.INFO- (سەرۆک بارزانی) و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا، لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە داعش مەترسییەكی گەورەیە لەسەر ناوچەكە و جیهان و بەرەنگاربوونەوەیشی هەوڵێكی هەمەلایەنە و نێودەوڵەتیی پێویستە. هەروەها هەردوولایش جەختیان لە هەماهەنگیی بەردەوامی هێزەكانی ئەمەریكا و پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش كردووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە سەڵاحەددین، سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)، پێشوازی لە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا(ژەنەڕاڵ لوید ئۆستن) و شاندێكی سەربازیی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا كە ژمارەیەك لە بەرپرسە لەشكری و ئەمنیی و ئیدارییەكانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی گەرمی ژەنەڕاڵ (لوید ئۆستنی) كرد وەك دۆستێكی دێرین كە ماوەیەكی زۆر لە عێراقدا ماوەتەوە و سوپاسگوزاریی خۆیشی بۆ سەرۆك و گەلی ئەمەریكا و نیشان دا بە هۆی پاڵپشتی و یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و پێزانینشی بۆ ڕۆڵی ژەنەڕاڵ (لوید ئۆستن) هەبوو لە پڕۆسە سەربازییەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش.
لەم كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) ڕۆشنایی خستەسەر سەرهەڵدانی بارودۆخی ئەم دواییە و هەڕەشەی تیرۆریستان و كەوتنی مووسڵ و هەروەها پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان و، ئاماژەیشی بە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد كە بە یارمەتیی دۆستانی گەلی كوردستان لە بەرەكانی جەنگ مسۆگەر كراون.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا (سەرۆك بارزانی) تیشكی خستە سەر بارودۆخی مرۆیی ئاوارەكان و هەروەها ژمارە و پێویستییەكانی ئەو خەڵكەی باس كرد كە لە دوای پەلاماری داعش ئاوارەی كوردستان بوون و، سوپاسی بەدەنگەوەهاتنی وڵاتانی دۆستی گەلی كوردستانیشی كرد لە پێشكەشكردنی یارمەتییە مرۆییەكان.
لای خۆیەوە ژەنەڕاڵ (لوید ئۆستن) سوپاسی (سەرۆك بارزانی) كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و دەستخۆشی لە سەركەوتنەكانی هێزەكانی پێشمەرگە كرد و ڕۆڵی پێشمەرگەی لە بەرەنگاربوونەوە و تێكشكاندنی تیرۆریستان بەرز نرخاند.
هەر لەم كۆبوونەوەیە هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە داعش مەترسییەكی گەورەیە لەسەر ناوچەكە و جیهان و بەرەنگاربوونەوەیشی هەوڵێكی هەمەلایەنە و نێودەوڵەتیی پێویستە. هەروەها هەردوولایش جەختیان لە هەماهەنگیی بەردەوامی هێزەكانی ئەمەریكا و پێشمەرگە لەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعش كردووە.
سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش ئەوە دووپات كرایەوە كە پێویستە حكوومەتێكی هەمەلایەن دابمەزرێت كە خزمەتی بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بكات.




