٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فڕۆکەیەکی بەلژیکایی پڕ لە هاوکاریی مرۆیی بەرەو هەولێر بەڕێوەیە

سەرچاوە: KDP.info

بڕۆکسل-KDP.INFO-  (دلاوەر ئاژگەیی) دەڵێت، وەزارەتی دەرەوەی بەلژیکا پێی ڕاگەیاندووە کە، هاوکاریی مرۆیی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ دەگاتە هەولێر و ئەگەرچی بەلژیکا هاریکاریی سەربازیی پێشکەشی هیچ لایەنێکی دەرەکی ناکات، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئەرکە قورسەی کە لە سەرشانی پێسمەرگەی کوردستانە، پرسی هاریکاریی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە تاوتوو دەکەن و بە کراوەیی دیهێڵنەوە.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان(دلاوەر ئاژگەیی) بە یاوەریی شاندێکی نوێنەرایەتی لە بڕۆکسل سەردانی وەزارەتی دەرەوەی بەلژیکای فیدرالی کرد و لەوێ لە لایەن بەرپرسی دێسکی عێراق(لیوک تراونس) و بەرپرسی دێسکی سووریا لە وەزارەتی دەرەوە(مارتن فیرفۆرت) پێشوازی لێ کرا.
لە میانەی دانیشتنێکدا لە سەرەتادا (ئاژگەیی) پوختەیەکی سەبارەت بە ڕەوشی هەنووکەیی و دواپێشهاتە مەیدانییەکان گەیاندە وەزارەتی دەرەوەی بەلژیکا. پاشان نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکیەتیی ئەورووپا جەختی لە پێویستیی هاریکاریی مرۆیی و سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە و داوای لە حکوومەتی بەلژیکا کرد کە لە هەردوو بواردا هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات.
لە لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی بەلژیکا وێڕای ستاییشی خەڵکی کوردستان و ڕۆڵی سەرکردایەتیی سیاسی و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی ڕاگەیاند کە، حکوومەتی بەلژیکا لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخەکەیە و بڕیاری داوە هاریکاریی مرۆیی ڕەوانەی کوردستان بکات و بۆ ئەو مەبەستەیش دوو ملیۆن یۆرۆی تەرخان کردووە و فرۆکەیەکی جۆری (C-130) ئامادە کراوە کە وا بڕیارە ئەمڕۆ ڕاستەوخۆ بەرەو هەولێری پایتەخت بەڕێ بکەوێ.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی بەلژیکا ڕایگەیاند هەرچەندە ئەوان وەک ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەیان، هاریکاریی سەربازیی پێشکەشی هیچ لایەنێکی دەرەکی ناکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئەرکە قورسەی کە لە سەرشانی پێسمەرگەی کوردستانە، پرسی هاریکاریی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە تاوتوو دەکەن و ئەو پرسە بە کراوەیی دەهیڵنەوە.
لە لای خۆیەوە (دلاوەر ئاژگەیی) بە ناوی خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە سوپاسی خەڵک و حکوومەتی بەلژیکای کرد بۆ بەدەنگەوەهاتنی ئاوارەکان و ستاییشی هەڵوێستی بەلژیکای کرد و هیوای خواست زیاتر بە دەنگ داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانەو بێن. لە کۆتاییدا هەردوولا بڕیاریان دا کە ئاڵوگۆڕی زانیاری و دانیشتنەکان بەردەوام بن.

هەواڵی پەیوەندیدار