حكوومەتی هەرێم گرفتی لە فرۆشتنی نەوتەكەیدا نەما.. هیچ وڵاتێك گومان لە كڕینی ناكات

هەولێر-kdp.info- بە گوتەی شارەزایان و پەرلەمانتاران، بڕیاری دادگەی تێكساس دەبێتە هاندەرێكی زۆر باش بۆ هەموو وڵات و كۆمپانیایەك كە لە ڕووی یاساییەوە ئیدی سڵ لە كڕینی نەوتی كوردستان نەكەنەوە، بەمەیش لە ڕووی یاساییەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ گرفتێكی لە فرۆشتنی نەوتەكەیدا نەما و هیچ وڵاتێكیش گومان لە كڕینی ناكات.
ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان (عەلی هالۆ) بە KDP.INFO-ی راگەیاند، بڕیاری دادگەی تێكساس هەنگاوێكی زۆر گرینگ و ئیجابییە، چونكە یەكێك لە گەورەترین و بەهێزترین وڵاتانی جیهان كە ئەمەریكایە، لە رێگەی دادگەوە مافی هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتی بە هەرێمی كوردستان داوە.
(عەلی هالۆ) ئاماژەیشی دا، ئەوەی عێراق كردی تەنیا بیانوو بوو بۆ ئەوەی دەستەڵاتی ناوەندی بەكار بێنێت و مافی كورد لە بەرچاو نەگیرێت كە ئەمەیش هەنگاونان بوو بەرەو دكاتۆرییەت، بەڵام دادگە یاساییبوونی قرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستانی سەلماند.
ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند، هەرچەندە نەوتی هەرێمی كوردستان بێ كڕیار نەبووە، بەڵام پێشتر ئەگەر هەندێك لە وڵاتان گومانیان لە كڕینی نەوتی هەرێمی كوردستان هەبووە، لە دوای ئەو بڕیارەی دادگەی تێكساس هیچ گومانێكیان نامێنێت.
لە لایەكی دیكەوە، پارێزەر و كارگێڕی مەكتەبی سكرتارییەتی یەكیەتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان (هاوار محەممەد) بۆ kdp.info رایگەیاند، "دوابەدوای بڕیاری دادگەی تێكساس سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی كوردستان و یەكلاكردنەوەی دۆسیەكە لە بەرژەوەندیی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، چەند لێكەوتەیەكی یاسایی و سیاسی دێنە ئاراوە كە دەكرێت لەمەولا وەكو كەتوار هاموشۆیان لەگەڵدا بكرێت، بۆ نموونە ئەو كرێیە زیادەی دێتە سەر بارەكە بە هۆی دواكەوتنی بەتاڵكردنی كەشتییە بارهەڵگرەكە، كە پارەیەكی گەلێك زۆر دەكەوێتە ئەستۆی لایەنی دۆڕاو لە دۆسیەكە، ئەویش حكوومەتی عێراقە".
(هاوار) گوتی، " لەمەولا هیچ دادگەیەكی ئەمەریكی ناتوانێت سەیری داوایەكی تری لەم بابەتە بكاتەوە، چونكە بە بابەتێكی یەكلاكەرەوە دادەنرێت لە دەسەڵاتی دادوەریی ئەمەریكا (American Judicial Authority). هەروەها ئەم بڕیارەی دادگەی تێكساس، حكوومەتی ئەمەریكا ناچار دەكات بە هیچ شێوەیەك ڕێگری لە فرۆشتن و كڕینی نەوتی كوردستان نەكات لە لایەن وڵاتان و كۆمپانیاكانی ناوخۆ و بیانییەوە".
ئەو پارێزەرە گوتیشی، "ئەم بڕیارە دەبێتە هاندەرێكی زۆر باش بۆ هەموو وڵاَت و كۆمپانیایەك كە لە ڕووی یاساییەوە ئیدی سڵ لە كڕینی نەوتی كوردستان نەكەنەوە، چونكە لە ڕووی یاساییەوە وەكو بڕیاری دادگەی لایەنی سێیەم و بێلایەن دادەنرێت لە نێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سیمای بڕیاری دادگەیەكی نێودەوڵەتی لە خۆ دەگرێـت، لە لایەكی دیكەیشەوە بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق لەسەر هەمان بابەت و یەكلاكردنەوەی دۆسیەكە لە بەرژەوەندیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەكو دۆكیومێنتێكی تری خودی دادگەی عێراقی لە ناوەندە جیهانی و نێودەوڵەتییەكان لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە كار بێت. بەمەیش دەتوانین بڵێین ئیتر لە ڕووی یاساییەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ گرفتێكی لە فرۆشتنی نەوتەكەیدا نەما".
بڵند ئیبراهیم




