نێچیرڤان بارزانی:ئه‌زموونێكی یه‌كجار زۆر تاڵمان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی مالیكی‌دا هه‌یه

هەولێر-KDP.INFO- له باره‌ی گه‌ره‌نتیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا پێوەست بە بەشداریی لە حکوومەتی داهاتوودا، (نێچیرڤان بارزانی) بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگه‌یاند: "هیچ گەرنتییه‌ك نییه، ئێمه ئه‌زموونێكی یه‌كجار زۆر تاڵمان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی (مالیكی)-دا هه‌یه، ته‌نیا ئه‌وه‌یه ئێمه ئه‌م جاره هیوادارین ئه‌و هه‌ڵانه‌ی پێشتر كراون و عێراقیان گه‌یاندووەته ئه‌م قۆناخه، له حكوومه‌تی داهاتوودا دووباره نه‌بنه‌وه"، دەربارەی پرسی ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیش له لایه‌ن به‌غداوه، گوتی، "هیچیان نه‌ناردووه."
دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی په‌رله‌مان، (نێچیرڤان بارزانی) له وه‌ڵامی پرسیاری ڕۆژنامه‌واناندا ڕایگه‌یاند: "ئێمه ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بووین، له‌گه‌ڵ (كاك قوباد) جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت، ئه‌وه‌ی له‌و كۆبوونه‌وه‌یه باسمان كرد، ئه‌وه بوو ڕاپۆڕتێكمان پێشكه‌شی سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرد له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئه‌وانه‌ی له شنگال و ئه‌و مه‌سیحیانه‌ی ڕوویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه، ئه‌مه ته‌وه‌رێكی سه‌ره‌كی بوو له نێوانی ئێمه و سه‌رۆكی په‌رله‌ماندا، هه‌روه‌ها ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی ئێستا له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ستی پێكردووه، ئه‌مه‌شمان بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان به شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان ڕوون كرده‌وه، هه‌روه‌ها بارودۆخی به‌ره‌كانی شه‌ڕیش به شێوه‌یه‌كی گشتی، ئێمه ڕاپۆرتی خۆمان پێشكه‌شی سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرد، بڕیارمان له‌سه‌ر ئه‌وه داوه ئه‌م كۆبوونه‌وانه به‌رده‌وام بن."
هه‌روه‌ها گوتی: "هه‌ندێ بابه‌تی دیكه هه‌بوون په‌یوه‌ندییان به پێشمه‌رگه و شه‌هیدانه‌وه هه‌بوو، ئه‌مانه‌مان باس كردوون و بڕیاری ئه‌وه دراوه ئه‌م كۆبوونه‌وانه له نێوان سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌تدا به‌رده‌وام بن."
سه‌باره‌ت به پێكهێنانی كابینه‌ی حكوومه‌ت له به‌غدا، سه‌رۆكوه‌زیران ڕایگه‌یاند: "ئێمه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌وه‌مان باس كرد، ئه‌و لێژنه‌ی دانوستاندنه كه دروست كراوه و پێك هاتوون له هاوپه‌یمانیی كوردستانی و چوونه‌ته به‌غدا، ئێمه كۆبوونه‌وه‌یه‌كی درێژمان هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، ئێمه وه‌كو بڕیاڕی خۆمان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ئه‌وه‌یه هه‌موو یارمه‌تیده‌ر بین بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی عێراق به زووترین كات پێك بهێنرێت، بێگومان داواكاریی خۆشمان هه‌یه وه‌كو هه‌رێمی كوردستان، كه داواكاریی كورد دیاره چییه، وه‌ك مادده‌ی 140 و مه‌سه‌له‌ی پێشمه‌رگه و بودجه و نه‌وت، ئێمه بڕیارمان داوه له‌گه‌ڵ به‌غدا باسی بكه‌ین، له‌وه تێده‌گه‌ین كه به دوو هه‌فته ئه‌م شتانه هه‌مووی جێبه‌جێ ناكرێن، به‌ڵام باس له‌وه كراوه سه‌قفێكی زه‌مه‌نی هه‌بێ كه هه‌موو هێزه كوردییه‌كان كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێ سه‌قفێكی زه‌مه‌نی بۆ ئه‌و داواكارییانه‌ی كورد هه‌بێ."
سه‌باره‌ت به هاریكارییه سه‌ربازی و مرۆییه‌كانی وڵاتان بۆ هه‌رێمی كوردستان، (نێچیرڤان بارزانی) گوتی: "زۆر سوپاسی ئه‌و وڵاتانه ده‌كه‌ین كه یارمه‌تیی هه‌رێمی كوردستانیان داوه له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و تیرۆریستانه، به دڵنیاییه‌وه ئه‌وه‌ی پێویسته بیڵێم ئه‌وه‌یه، ئه‌م پرسه ته‌نها په‌یوه‌ندی به حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه نییه، ئه‌مه شه‌ڕێكه پێویستی به هه‌ماهه‌نگیی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستان. ئێمه هه‌تا ئێستا پێمان وایه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا هه‌نگاوی باشیان ناوه."
هه‌روه‌ها ڕوونی كرده‌وه: "ئه‌وه‌ی هه‌تا ئێستا كراوه بڕیاڕی پاڵپشتبی سه‌ربازی به ئاشكرا له‌لایه‌ن وڵاتانی وه‌ك ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ورووپا دراوه، پاڵپشتییه‌كه‌یان به شێوه‌یه‌كی گشتی تازه ده‌ستیان پێ كردووه، ئێمه وه‌ك هه‌رێمی كوردستان سوپاسی هه‌موو ئه‌و وڵاتانه ده‌كه‌ین كه له‌و چوارچێوه‌یه هه‌نگاویان ناوه بۆ پاڵپشتیی هه‌رێمی كوردستان و جه‌خت له‌وه ده‌كه‌مه‌وه، مه‌سه‌له‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستان پرسێك نیه ته‌نها په‌یوه‌ندی به هه‌رێمی كوردستانه‌وه بێت، پێویستی به كۆده‌نگییه‌كی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه، چونكه ئه‌مڕۆ هه‌رێمی كوردستان له به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕه له دژی تیرۆریستان."
له وه‌ڵامی پرسیارێكی تایبه‌ت به پرسی ئاواره‌كان و گه‌یشتنی هاوكارییه‌كان، سه‌رۆكوه‌زیران ڕایگه‌یاند: "ئه‌وه‌ی جێی نیگه‌رانییه بۆ ئێمه وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێم، گوشارێكی زۆرمان له‌سه‌ره، به داخه‌وه هه‌تا ئێستایش بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه له به‌غداوه ماوه‌ی 8 مانگه بڕاوه، خه‌رج نه‌كراوه، ئه‌مه وای كردووه له ڕووی مرۆییه‌وه باری هه‌رێمی كوردستان زۆر گران بێت."
سه‌باره‌ت به پرسی مادده‌ی 140 (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگه‌یاند: "ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا مادده‌یه‌كی ده‌ستوریمان هه‌یه، به لای ئێمهی‌شه‌وه گرینگه له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه یه‌كلا بكرێته‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه پێی ده‌ڵێن مادده‌ی 140ی ده‌ستوری عێراقی، ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ری له ده‌ستووری عێراقدا بۆ دانراوه، بۆ ئێمه له هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ر هه‌موو شوێنه‌كانیش له‌ده‌ست ئێمه بێت، داوا ده‌كه‌ین له ڕووی یاساییه‌وه و به‌پێی ده‌ستوری عێراق ئه‌و مه‌سه‌له‌یه یه‌كلا ببێته‌وه."
له باره‌ی گه‌ره‌نتیی نێوان هه‌ولێر و به‌غداش ڕایگه‌یاند: "هیچ گەرنتییه‌ك نییه، ئێمه ئه‌زموونێكی یه‌كجار زۆر تاڵمان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی (مالیكی)-دا هه‌یه، ته‌نها ئه‌وه‌یه ئێمه ئه‌م جاره هیوادارین ئه‌و هه‌ڵانه‌ی پێشتر كراون و عێراقیان گه‌یاندووەته ئه‌م قۆناخه، له حكوومه‌تی داهاتوودا دووباره نه‌بنه‌وه." سه‌باره‌ت به پرسی ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له لایه‌ن به‌غداوه، ڕایگه‌یاند: "هیچیان نه‌ناردووه"




