ئاشتی هەورامی: دەبێ بڕیارەکەی دادگای تەکساس متمانە ببەخشێتە کڕیارانی نەوتی خاوی کوردستان
هەولێر-KDP.INFO- وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان(ئاشتی هەورامی)، خۆشحاڵیی خۆیانی لە بڕیارەکەی دادگای تەکساس نیشان دا و گوتی، دەبێ متمانە ببەخشێتە کڕیارانی نەوتی خاوی کوردستان لە ئەمەریکا و لە شوێنەکانی تریش. هاوکات هیوایشی خواست، حکوومەتی نوێی فیدراڵ، کاتێک پێک دەهێنرێت، بگاتە تێگەیشتنێک بەرامبەر بە مافەکانی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان و رێگە بگرێت لە هەوڵە گرانبەها و زەرەربەخش و نایاساییەکانی وەزارەتی نەوت."
ئەمڕۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بڕیاری دادگای تەکساسی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرد. بڕیارەکە فەرمانێکی هەڵوەشاندەوە بۆ راگرتنی گەیشتنی زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.
بەپێی بڕیارەکەی دوێنێ، سکاڵاکەی عێراق شکستی هێنا لە دامەزراندنی هەر دەسەڵاتێکی یاسایی بۆ راگرتنی هاوردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ناو ئەمەریکا.
ئەمە دووەم جارە کە هەوڵەکانی وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدراڵی عێراق لە لایەن دادگاکانەوە رەت دەکرێتەوە. یەکەمجار، لە حوزەیرانی ئەمساڵدا، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە بەغدا هەوڵەکانی وەزارەتی نەوتی رەتکردەوە بۆ هەڵپەساردنی فرۆشتنی نەوتی کوردستان و وەک "پێچەوانەی دەقە یاساییە کارپێکراوەکانی عێراق" ئاماژەی پێدان.
وەزیری سامانە سرووشتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان(ئاشتی هەورامی)، گوتی "خۆشحاڵین بە رووداوەکانی دوێنێ. دەبێت بڕیارەکەی دادگای تەکساس متمانە ببەخشێتە کڕیارانی نەوتی خاوی کوردستان لە ئەمەریکا و لە شوێنەکانی تریش."
(ئاشتی هەورامی) هەروەها گوتی "هیوادارین بڕیارەکەی دوێنی کۆتایی بە هەوڵەکانی وەزارەتی نەوت بهێنێت بۆ دەستوەردان لە مافە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی یاساییی نەوت بەرهەم دەهێنێت و باری دەکات و هەناردەی دەکات و دەیفرۆشێت بە پێی مافەکانی هەرێمی کوردستان کە لە دەستووری عێراقدا هاتووە و لە یاسای نێودەوڵەتیدا بەرجەستە بووە. لە ئێستادا هیوادارین کە حکوومەتی نوێی فیدراڵی، کاتێک پێک دەهێنرێت، بگاتە تێگەیشتنێک بەرامبەر بە مافەکانی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان و رێگە بگرێت لە هەوڵە گرانبەها و زەرەربەخش و نایاساییەکانی وەزارەتی نەوت."




