لەسەر کۆی پرسەکان هاوهەڵوێست بوون.. پەرلەمان و حکوومەت سوپاسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان کرد

هەولێر-KDP.INFO- پەرلەمانی کوردستان و حکوومەتی هەرێم لەسەر پرسی ئاوارەکان، پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان، چارەکردنی قەیرانی داراییی هەرێمی کوردستان، پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و پرسی بە جینۆسایدناساندنی شنگال هاوهەڵوێست بوون، بڕیاریش درا کۆبوونەوەی دەوری لەنێوان پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبێت بۆ چارەکردنی ئەو ڕووداو و کێشە کتوپرانەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێنەوە، هەردوولایش سوپاسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان کرد لە هاوکاریی مرۆیی و سەربازیی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان.
ئەم هەماهەنگییەی نێوان پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم، لە کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ 3شەممە 26-ی ئابدا هات، کە لە نێوان سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان(د.یووسف محەممەد سادق) و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان(نێچیرڤان بارزانی)-دا لە تەلاری پەرلەمانی کوردستان ساز کرا.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی جێگیری سەرۆکی حکوومەت(قوباد تاڵەبانی) و سکرتێری پەرلەمان(فەخرەدین قادر) و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان(مەولوود باوەموراد) هات.
لە سەرەتای دانیشتنەکەدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، باسی کار و چالاکیی لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد، بۆ بەدواداچوونی کێشەی ئاوارەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و قەیرانی داراییی هەرێمی کوردستان و سەردانە مەیدانییەکانی پەرلەمان بۆ بەسەرکردنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕی دژ بە تیرۆریستاندا.
دواتر (نێچیرڤان بارزانی)، باسی لە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ بەدەمەوەچوونی ئاوارەکان بە گشتی و ئاوارە مەسیحی و ئێزدییەکانی ناوچەی شنگال و مووسڵ بە تایبەتی، ڕەخنەشی لە بێ هەڵویستی حکوومەتی عێراق گرت لەبارەی پرسی ئاوارەکان، هەدوو لایان کۆک بوون لەسەر ئەوەی پەرلەمان و حکوومەت هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ پەرلەمانی وڵاتانی دونیا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاگادارکردنەوەی زیاتریان لە کێشە و گرفتی ئاوارە مەسیحییەکان و پرسی جینۆسایدی شنگال.
لەبارەی پرسی پێکهێنانی حکوومەتی عێراقیشەوە، پەرلەمان و حکوومەت هاوهەڵویست بوون کە پێویستە کورد لە پیکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقدا، هاوکاری لایەنەکانی تری عێراق بێت بەو مەرجەی مافە ڕەواکانی گەلی کورد پارێزراو بن، وەک نیازپاکییەکیش بۆ هەرێمی کوردستان، پێویستە لەسەر حکوومەتی کاربەڕێکەری عێراق بە زووترین کات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
لەبارەی هەمان پرس، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی دا لە ئاییندەیەکی نزیکدا، پەرلەمانی کوردستان، وەک مەرجەعی خەڵکی کوردستان بانگهێشتی لیژنەی دانوستانی هێزە کوردییەکان دەکات بۆ پەرلەمان، بۆ ئاگاداربوون لە ڕەوشی گفوگۆکانی نێوان کاندیدی ڕاسپێراوی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق و لیژنەی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان.




