وەزیری دەرەوەی نۆروێژ: گەلی كوردستان لە ڕووی یارمەتیی سەربازی و مرۆییەوە، دەتوانن پشت بە گەلی نۆروێژ ببەستن

هەولێر-KDP.INFO- وەزیری دەرەوەی نۆروێژ ڕایگەیاند، ئێستا تیرۆریستان بوونەتە ئەمری واقیع و هەڕەشەی جیددین بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان و بۆ بەرەنگاربوونەوەیان پێویستە هەوڵێكی جیهانی و هەمەلایەنە بخرێتە گەڕ. دووپاتیشی كردەوە كە، گەلی كوردستان لە ڕووی یارمەتیی سەربازی و مرۆییەوە دەتوانن پشت بە گەلی نۆروێژ ببەستن. هاوکات (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند، بەدەنگەوەهاتنی دۆستانی گەلی كورد لەبەر ئەوەیە كە گەلی كوردستان پابەندی بەها و پڕەنسیپی مرۆڤدۆستانە و پێكەوەژیان و فرەلایەنییە و ئەو بەهایانەش دەپارێزێت و ئەم پاڵپشتییەیش نیشان دەدات كە گەلی كوردستان ڕێگەیەكی دروستی هەڵبژاردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 26ـی 8ـی 2014 لە شاری هەولێر بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)، پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی نۆروێژ(بۆڕگ برێند) و شاندێكی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە سەرۆكی حكوومەتی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی) و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم(فواد حوسێن) و وەزیری پێشمەرگە(مستەفا سەید قادر) و وەزیری پلاندانان(عەلی سندی) و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكان(فەلاح مستەفا) و وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان(ڕێكەوت حەمەڕەشید) ئامادەی بوون، دواپێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكان و هەروەها هەڕەشە و پەلاماری تیرۆریستان بۆ كوردستان و سەركەوتتنەكانی هێزی پێشمەرگە و بارودۆخی ئاوارەكان خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
هەر لەم دیدارەدا (سەرۆك بارزانی) بە گەرمی بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی نەرویج و شاندی یاوەری كرد و هاتن و سەردانی شاندی نۆروێژی بە هێمایەك بۆ پاڵپشتی و هاوسۆزیی حكوومەت و گەلی نۆروێژ بۆ گەلی كوردستان لە قەڵەم دا. (سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی باس كرد كە پاڵپشتی و بەدەنگەوەهاتنی دۆستانی گەلی كورد لەبەر ئەوەیە كە گەلی كوردستان پابەندی بەها و پڕەنسیپی مرۆڤدۆستانە و پێكەوەژیان و فرەلایەنییە و ئەو بەهایانەش دەپارێزێت و ئەم پاڵپشتییەیش نیشان دەدات كە گەلی كوردستان ڕێگەیەكی دروستی هەڵبژاردووە. (سەرۆك بارزانی) لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەی دووپات كردەوە كە گەلی كوردستان خاوەنی فەرهەنگی پێكەوەژیانە و دەبێ ئەو فەرهەنگەیش قووڵتر بكەین. سەبارەت بە ڕەوشی ئاوارەكان (سەرۆك بارزانی) هێمای بەوەدا كە "بە هەموو توانایەكەوە یارمەتییان دەدەین، بەڵام ژمارەی پەنابەران لە ئاستی تواناكانی حكوومەتی هەرێم تێپەڕیوە، بۆیە پێویستە وڵاتانی دۆست و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە حەواندنەوەی ئاوارەكان یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی پاش ڕزگاركردنی ناوچەكانیان لە دەستی تیرۆریستان، بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بگەڕێنەوە."
لەبەرانبەردا وەزیری دەرەوەی نۆروێژ سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی كرد كە لە خۆی و شاندە یاوەرەكەی كراوە و دەستخۆشیشی لە (سەرۆك بارزانی) و سەركردایەتیی كوردستان كرد بۆ ئەو پێشكەوتنەی لە هەرێمی كوردستان هاتووەتە ئاراوە و ڕایگەیاند هاتنی ئێمە شێوازێكە بۆ نیشاندانی هاوسۆزی و پاڵپشتیی گەلی نەرویج لەگەڵ گەلی كوردستان كە بەڕووی تیرۆریستان وەستاوەتەوە.
وەزیری دەرەوەی نۆروێژ هێمایشی بەوەدا كە ئێستا تیرۆریستان بوونەتە ئەمری واقیع و هەڕەشەی جیددین بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان و بۆ بەرەنگاربوونەوەیان پێویستە هەوڵێكی جیهانی و هەمەلایەنە بخرێتە گەڕ. وەزیری دەرەوەی نۆروێژ ئەوەی دووپات كردەوە كە گەلی كوردستان لە ڕووی یارمەتیی سەربازی و مرۆیی دەتوانن پشت بە گەلی نۆروێژ ببەستن و حكوومەتی نۆروێژیش بۆ خێراتركردنی هاوكارییە مرۆڤییەكەی بڕیاری داوە، جگە لە بیست ملیۆن دۆلار كە پێشتر بڕیاری لەسەر دابوو، دە ملیۆن دۆلاری دیكەیش تەرخان بكات بۆ یارمەتیدانی مرۆیی كوردستان.
هەر لەم دانیشتنەدا هەڕەشەكانی تیرۆر و چۆنییەتی گەشەسەندنی لە عێراق و سووریا قسەی لەسەر كرا و پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتی نۆروێژ و هەرێمی كوردستانیش تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.
شایانی گوتنە كە لە دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە پڕێسكۆنفرانسێك بۆ (سەرۆك بارزانی) و وەزیری نۆروێژ ڕێك خرا و تێیدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن خستەڕوو.




