نازم هەركی: پێویستە سەرجەم بەرپرسە كەمتەرخەمان لە شنگالەوە تا جەلەولا سزا بدرێن

هەولێر-kdp.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، یەكێك لەو راسپاردانەی كە پەرلەمانی كوردستان دەنگی لەسەر داوە ئەوەیە، پێویستە سەرجەم بەرپرسانی هێزی پێشمەرگە كە لە شەڕكردندا كەمتەرخەم بوون، لە شنگالەوە تاوەكو جەلەولا بە بێ جیاوازی سزا بدرێن.
جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان (نازم هەركی) بە kdp.info-ی راگەیاند، لەكۆبوونەوەی تایبەت بە دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوە هەرێم چەند راسپاردەیەك دەنگیان لەسەر درا، یەكێك لەوانە پێویستە سەرجەم ئەو بەرپرسانەی هێزی پێشمەرگە كە بە بێ فەرمان پاشەكشەیان كردووە لە شنگالەوە تاوەكو جەلەولا بە بێ جیاوازی سزا بدرێن.
(نازم هەركی) گوتیشی، لە كۆبوونەوەكەدا پەرلەمان پشتگیریی خۆی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەربڕی سەبارەت بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لەگەڵ هەندێك بەرپرسی كەمتەرخەم بكات، تاوەكو بگەنە سزای خۆیان.
ڕوونیشی كردەوە، ئەم راسپاردانە بۆ ئەوەی بكرێنە بڕیار، پێویستە پڕۆژەیاسا پێشكەش بكرێن تا بچنە واری جێبەجێكردنەوە.
بڵند ئیبراهیم




