دیندار زێباری: پێویستە بەغدا یارمەتییە داراییەكانی بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكانی هەرێم رەوانە بكات

هەولێر-kdp.info- رێكخڕاوی تەندروستیی جیهانی، تا ئێستا بە بڕی 13 ملیۆن دۆلار كەلوپەلیان لە بازاڕەكانی كوردستاندا كڕیوە و مانگانەیش 2 ملیۆن دۆلار بۆ ئاوارەكانی رۆژئاوا لە بازاڕەكانی هەرێم خەرج دەكات. جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكان دەرەوەیش دەڵێت، پێویستە بەغدا یارمەتییە داراییەكانی بۆ هەرێم بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان رەوانە بكات و بۆ چارەكردنی ئەم پرسەیش پێویستە نەتەوە یەكگرتووەكان لە بواری سیاسییشەوە رۆڵی هەبێت.
بەرپرسی نووسینگەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باكووری ئەفریقا، ئاسیای ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەورووپا بۆ هەماهەنگی زیاتر لە پێشكەشكردنی یارمەتیی تەندروستی و خۆراك بۆ ئاوارەكان، سەردانی جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكان دەرەوە (د. دیندار زێیاری)ـی كرد و شێوازی یارمەتیدانی ئاوارەكان و پلانەكانیان بۆ داهاتوو خستە ڕوو.
رێكخڕاوی تەندروستیی جیهانی رەوشی ئاوارەكان بە هەستیار وەسف دەكات، كە دەیانەوێت بۆ چارەكردنی ئەم رەوشە و كەموكورتییەكانی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم و وڵاتانی كۆمەكبەخش كار بكەن و بۆ ئەم مەبەستەیش تیمەكانیان ئامادەن و پلانی گونجاویشیان داناوە.
نوێنەری حكوومەتی هەرێم بۆ هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووكان وێڕای سوپاسكردنی رۆڵ و یارمەتییەكانی رێكخڕاوی تەندروستیی جیهانی، تیشكی خستە سەر پێویستیی دروستكردنی كەمپی نوێ بۆ ئەو ئاوارانەی كە لە بینای قوتابخانەكان و شوێنە گشتییەكانی تر نیشتەجێ بوونە كە حكوومەت بە تەنیا ناتوانێ ئەم كێشەیە چارە بكات و پێویستی بە یارمەتیی لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەكان هەیە.
هەروەها گوتی، پێویستە بەغدا یارمەتییە داراییەكانی بۆ هەرێم بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان رەوانە بكات و بۆ چارەكردنی ئەم پرسەیش پێویستە نەتەوە یەكگرتووەكان لە بواری سیاسییشەوە رۆڵی هەبێت بۆ وەرگرتنی یارمەتیی دارایی لە بەغدا و دابەشكردنی بەسەر ئاوارەكاندا.
(دیندار زێباری) گلەیی ئاوارەكانی لە شێوازی خواردنی گەرم گەیاندە رێكخڕاوی تەندروستیی جیهانی كە لایەنی بەرامبەر باسیان لە كاتی بوونی چێشتخانەی گەڕۆك كرد و هەولًَ دەدەن چارەیەكی هەمیشەیی بۆ ئەو كێشەیە بدۆزنەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا یارمەتیی ئابووریی كوردستانیان داوە كە تا ئێستا بە بڕی 13 ملیۆن دۆلار خواردن و پێداویستیی تری ئاوارەكان لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان دابین كراوە، لەگەڵ خەرجكردنی 2 ملیۆن دۆلار مانگانە بۆ ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان.




