مەحموود محەممەد: دۆخی ئێستای كوردستان ناسكە و پێویستی بە مامەڵەیەكی ورد هەیە

هەولێر- KDP.info بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان، جەخت لە پابەندبوون بە پرەنسیپی ڕاگەیاندن بۆ بەرەوپێشچوونی كۆمەڵگە دەكاتەوە. دەشڵێت، ڕاگەیاندن ڕۆڵێكی گرینگی لە بەرەوپێشبردنی دۆخی ئێستای كوردستاندا هەیە، چونكە ئەوەی ئێستا لە كوردستاندا هاتووەتە ئاراوە، دۆخێكی ناسكە و پێویستی بە مامەڵەیەكی ورد هەیە كە دواجار بەرپرسیارەتیی هەموو تاكەكانی كۆمەڵگەیشە.
شاندێكی لیستی كوردستانی لە یەكیەتیی مامۆستایانی كوردستان بە سەرۆكایەتیی (عەبدولواحید محەممەد حاجی) ئەمڕۆ سەردانی بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان (مەحموود محەممەد)ـیان كرد و ئامانج لە سەردانەكەیش پاڵپشتیكردنی ئەو ڕێككەوتنە بوو كە لە نێوان ڕاگەیاندنی یەكێتی و پارتیدا بۆ ڕاگرتنی شەڕی ڕاگەیاندن دەكرێت.
فڕاكسیۆنی كوردستانی لەو كۆبوونەوەیەدا ڕێككەوتن بۆ ڕاگرتنی شەڕی ڕاگەیاندنی بە هەنگاوێكی گرنگ لەم دۆخەی ئێستای كوردستاندا لە قەڵەم دا، چونكە دۆخی ئێستای كوردستان وا دەخوازێت سەرجەم هێزە سیاسییەكان بەیەك دەنگ كاری خۆیان بكەن و بەرگری لە كوردستان بكەن.
ئەوەیشیان خستە ڕوو كە هیوادارن سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستان چاو لەو هەنگاوەی هەردوو ڕاگەیاندنی پارتی و یەكێتی بكەن و ڕێگە بە ڕاگەیاندنەكانیان نەدەن شتێك بڵاو بكەنەوە لە خزمەتی ئێستای كوردستاندا نەبێت.
بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی (مەحموود محەممەد) جەختی كردەوە كە ڕاگەیاندنی پارتی پابەند بووە بە پرەنسیپ و بنەما دیموكراتییەكان، ئەم هەنگاوەیش لە خزمەتی خەڵكی كوردستان و دۆخی ئێستای كوردستاندا دەبێت.
گوتیشی، "ڕاگەیاندن ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە جوانكردنی سیما و بەرەوپێشبردنی دۆخی ئێستای كوردستان، چونكە ئەوەی ئێستا لە كوردستاندا هاتووەتە ئاراوە، دۆخێكی ناسكە و پێویستی بە مامەڵەیەكی ورد هەیە كە دواجار بەرپرسیارەتیی هەموو تاكەكانی كۆمەڵگەیشە".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە لە پێناوی بەرگریكردن لە خاكی كوردستان و پراكتیزەكردنی دیموكراتیدا لە هەرێم، ڕاگەیاندنی پارتی دەستپێشخەر دەبێت.
كارزان هەورامی




