٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسروور بارزانی: داعش بۆ خۆدوورگرتن لە گورزە ئاسمانییەكان تاكتیكی گۆڕیوە و ئۆتۆمبێلی مەدەنی بە كار دەهێنن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان دەڵێت، گورزە ئاسمانییەكانی وڵاتەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و هێزی پێشمەرگە پاشەكشەیان بە داعش كردووە و ناچاری كردوون تاكتیكی خۆیان بگۆڕن و هەوڵ دەدەن بە بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی مەدەنی، خۆیان لە گورزە ئاسمانییەكان دوور بخەنەوە.

  پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی و داڕووخان و پاشەكشەكانی داعش، ناوەرۆكی راپۆرتێكی پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی CNN-ی ئەمەریكایی (ئانا كۆرن)-ە، كە لە هەولێرەوە ئامادەی كردووە.
لە دیدارێكەدا، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی) باس لە گۆڕینی تاكتیكی جوڵانەوەی داعش دەكات، كە بۆ خۆدوورگرتن لە گورزە ئاسمانییەكان ئۆتۆمبێلی مەدەنی بە كار دەهێنن و گوتی، "ئێستا داعش تاكتیكی خۆی گۆڕیوە و بە كاروانی گەورە و درێژ ناجوڵێنەوە، هەوڵ دەدەن بە بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی مەدەنی خۆیان لە گورزە ئاسمانییەكان دوور بخەنەوە".
لەبارەی بەردەوامی و كاریگەریی گورزە ئاسمانییەكان بۆ سەر مۆڵگە و پێگەكانی داعش، (مەسروور بارزانی) ڕایگەیاند، "فراوانكردنی جیۆگرافیای گورزە ئاسمانییەكان و بەئامانجگرتنی سەركردەكانی داعش، زۆر كاریگەرییان دەبێت."
سەبارەت بە گرینگیی مووسڵ بۆ تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەدات، كە داعش بۆ هێشتنەوەی مووسڵ لە ژێر كۆنتڕۆڵیدا شەڕی مان و نەمان دەكات و گوتی، "مووسڵ بۆ داعش زۆر گرینگە، بۆیە لەوانەیە‌ بۆ پاراستنی مووسڵ شەڕی مان و نەمان بكەن. ئەمەیش بەو مانایە نایەت، كە داعش دەستبەرداری پەلاماردانی ناوچەی نوێ دەبن."
تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی لە سەرەتای مانگی ئاب لەپڕ پەلاماری كوردستانیان دا و توانییان لە چەند ناوچەیەكدا پێشڕەوی بكەن، بەڵام بە هۆی سیاسەتی راست و دروستی (سەرۆك بارزانی) و بەدەنگەوەهاتنی ئەمەریكاوە، هاوكێشەكە لەسەر زەوی ‌ گۆڕانی بەسەردا هات بەوەی پێشمەرگە بە پشتیوانیی گورزە ئاسمانییەكان توانییان چەند ناوچەیەك لە داعش وەربگرنەوە و پاشەكشەیان پێ بكەن. لەوكاتەوە رۆژانە پێشمەرگە پێشڕەویی زیاتر دەكات و تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامییش لە پاشەكشەدان و لە بەرانبەر هێزی پێشمەرگە تەواو لاواز بوون، بەڵام ئەوەی جێی پرسیارە رەفتاری حكوومەتی كاربەڕێكەری (مالیكی)ـیە، كە بە گلدانەوەی هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان رێگە نادات پێداویستیی سەربازی بگاتە دەست پێشمەرگە، كە لەلایەن وڵاتانی ئەورووپاوە بۆ پێشمەرگە نێردراون، ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشمەرگە لەجیاتی جیهان شەڕی تیرۆریستان دەكات.

هەواڵی پەیوەندیدار