ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان: ئازادكردنی ژن و منداڵە ئێزدی و مەسیحییەكان لە ئەولەویاتی كارەكانمانە
هەولێر-kdp.info- ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان دەڵێت، "چارەنووسی ئەو ژن و منداڵە ئێزدی و مەسیحیانەی لە ژێر دەستی داعشدان، لە یەكەم رۆژی رووداوەكەوە بایەخی پێ دراوە و ئازادكردنیان لە ئەولەویاتی كارەكانمانە".
ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان، لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ kdp.info نێردراوە، ڕایگەیاند، "لە پاش كارەساتی شنگال و دەشتی نەینەوا و ئەو كردەوە نامرۆڤانەیەی بە تایبەتی بەرانبەر خوشك و برایان و منداڵانی ئێزدی و مەسیحی ئەنجام درا، دڵەڕاوكێیەكی زۆر لای هەموو لایەك دروست بوو، بە تایبەتی سەبارەت بەو ئافرەت و منداڵانەی كەوتوونەتە دەست تیرۆیستانی داعشەوە".
ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان ڕوونیشی دەكاتەوە، "مەسەلەی چارەنووسی ئەوانەی دیار نین و ئازادكردنی ئەو ئافرەت و منداڵانەی لە ژێر دەستی داعشدان، لە یەكەم رۆژی رووداوەكەوە بایەخی پێ دراوە و لەگەڵ نێوەندی نێودەوڵەتی باس كراوە، بە ئامادەبوونی نوێنەری سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان (بان كی مۆن) و كەسانی باڵای ئەو رێكخراوە و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری دیكەدا، لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ چارەكردنی ئەو مەسەلەیە".
دەشڵێت، "دووبارە هەموو خەڵكی كوردستان و بە تایبەتیش خوشك و برایانی ئێزدی و مەسیحی دڵنیا دەكەینەوە، ئەو كارە لە ئەولەویاتی كارەكانمانە و لە یەكەمین رۆژی كارەساتەكەوە بەردەوامین لە كاركردن تێیدا".




