نێچیرڤان بارزانی: پێویستە چارەی گونجاو بۆ ئەو كێشانە بدۆزرێتەوە كە لە ئەنجامی قەیرانی داراییەوە هاتوونەتە ئاراوە
_(1)__2014_08_24_h18m35s23__LB.jpg)
هەولێر-KDP.INFO- سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند، حكوومەت و پەرلەمان وەك یەك تیم كار دەكەن بۆ ئەوەی بتوانن باشترین خزمەت پێشكەش بە هاووڵاتیان بكەن و پێكەوە چارەی گونجاو بۆ ئەو كێشانە بدۆزنەوە كە لە ئەنجامی ڕەوشی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و قەیرانی داراییەوە هاتوونەتە ئاراوە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 24-ی ئابی 2014، ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆكوەزیران و سەرۆكی لیژنەكە (نێچیرڤان بارزانی)، لەگەڵ لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستاندا كۆ بووەوە.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا سەرۆكوەزیران جەختی لەوە كردەوە كە هەردوولا لە حكوومەت و پەرلەمان وەك یەك تیم كار دەكەن بۆ ئەوەی بتوانن باشترین خزمەت پێشكەش بە هاووڵاتیان بكەن و پێكەوە چارەی گونجاو بۆ ئەو كێشانە بدۆزنەوە كە لە ئەنجامی ڕەوشی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و قەیرانی داراییەوە هاتوونەتە ئاراوە.
پاشان وەزیری دارایی بە درێژی باسی لە بارودۆخی داراییی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان كرد و ئاماژەی بەوە دا كە بڕینی بودجەی هەرێم لە بەغداوە، لەگەڵ سنوورداریی سەرچاوەكانی دیكەی دارایی، وایان كردووە حكوومەت ڕووبەڕووی كۆمەڵێك ئاستەنگ و گرفتی داراییی گەورە ببیتەوە و نەتوانێت وەك پێشتر خەرجییەكان و مووچەی فەرمانبەران و پێشینەكانی پڕۆژەكان دابین بكات كە ئەمەیش كاریگەری لەسەر بەڕێوەچوونی كاروباری فەرمانگە و دامەزراوە حكوومییەكان دروست كردووە.
هەروەها ڕوونی كردەوە كە چاوخشاندنەوەی ورد بە داهات و خەرجییەكاندا پێویستە بۆ ئەوەی بەپێی ئەولەویەتێك خەرجییەكان وەك مووچەی فەرمانبەران و خانەوادە و كەسوكاری شەهیدان و خەرجیی خزمەتگوزارییە گشتییەكان دابین بكرێت، بۆیە حكوومەتی هەرێم چاوخشاندنەوەی پێویستی بەم بوارانەدا كردووە. ڕوونیشی كردەوە كە ئەم ڕەوشە وای كردووە حكوومەتی هەرێم نەتوانێت سووتەمەنی و بە تایبەتیش بەنزین وەك جاران بە نرخێكی پشتیوانیكراو بداتە هاووڵاتیان، بەڵام بارودۆخەكە لەگەڵ چارەكردنی كێشەی بودجە لەگەڵ بەغدا بەرەو باشتر دەگۆڕێت.
پاشان وەزیری سامانە سرووشتییەكان خشتەیەكی ئەو پشتگیرییانەی حكوومەتی خستە ڕوو كە بۆ دابینكردنی نەوتی سپی، سووتەمەنی بۆ وێستەگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا، پتشتیوانیكردنی پڕۆژە ستراتیژییەكان، كارگەكان و پڕۆژە پیشەسازییەكان، پڕۆژە بازرگانی و گەشتیارییەكان، دابینی كردوون. ئاماژەی بەوەیش دا كە تا ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی بەردەوام بێت، چونكە سەرچاوەی دیكە هەبووە بۆ دابینكردنی مووچە. جەختیشی لەوە كردەوە كە هەم لە چوارچێوەیەدا ستراتیژی حكوومەت ئەوەیە لە جیاتی گازۆیل گازی سرووشتی بۆ وێستەگانی بەرهەمهێنانی كارەبا بەكار بهێنێت.
لای خۆیەوە لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان دووپاتی كردەوە كە وێڕای ئەركی چاودێریكرنی حكوومەت، وەك تیمێكیش لەگەڵ حكوومەتدا كار دەكەن بۆ ئەوەی بتوانن چارەیەك بۆ كێشەكان و بە تایبەتی كێشەی نرخ و كوالیتیی بەنزین بدۆزنەوە. دوای گفتوگۆیەكی تێروتەسەلیش بڕیار درا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەیەكی دیكە ساز بكرێت و هەردوولا كۆك بوون لەسەر ئەوەی كە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان میكانیزمی پشكنینی كوالیتیی بەنزین هەر لە هێنانیەوە تا دەگاتە بەكاربەر ئامادە بكات.
كۆبوونەوەكە هەروەها چەند بڕیارێكی دیكەی لێكەوتەوە، وەك: بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمان و وەزارەتی ناوخۆ، ڕێنماییەكی ورد دابڕێژرێت لەسەر چۆنیەتیی وەرگرتنی ڕێكاری یاسایی و لێچێپینەوە لەوانەی سەرپێچی لە كوالیتیی بەنزیندا دەكەن. لیژنەیەكی هەماهەنگی لە ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز، لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی پەرلەمان، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، نوێنەرێكی وەزارەتی دارایی و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان پێك بێت و لانی كەم هەر دوو هەفتە جارێك كۆ ببێتەوە بۆ بەدواداچوونی كێشەكان و چارەكردنیان.
هەروەها تا كۆتاییی مانگی ئەیلوولی داهاتوو بە هەماهەنگیی هەردوولا هەردوو یاسای سەندووقی داهاتە نەوتییەكان و دامەزراندنی كۆمپانیای نیشتمانیی كوردستان بۆ بەرهەمهێنان و دۆزینەوەی نەوت چاوخشاندنەوەیان پێدا بكرێت و بخرێتەوە بەردەم پەرلەمان. لەكۆتاییدا داكۆكی لەوە كرایەوە كە ئەم پلان و ڕێكارانەی حكوومەت لە دۆسیەی نەوتدا، هەموویان پەیوەندارن بە بارودۆخی نائاساییی داراییەوە و لەگەڵ ئاساییبوونەوەی بارودۆخەكەدا بەرەو باشتر دەگۆڕێت.




