نوێنەری یۆنامی: یادداشتی سەربەخۆیی كوردستان دەگەیەنینە نیویۆرك
__2014_08_24_h17m58s29__LB.jpg)
هەولێر-kdp.info- سەرۆكی نووسینگەی كوردستانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری هەولێر ڕایگەیاند، دەبێت كوردستان ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدات و ئەنجامەكانیش بە فەرمی لە رێگەی حكوومەتی هەرێمەوە بگەیەنرێتە ناوەندەكانی بڕیار لە جیهاندا. دەشڵێت، یادداشتنامەی سەربەخۆیی كوردستان دەگەیەنرێتە بارەگای سەرەكیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك.
بۆ بەدواداچوونی ئەو یادداشتەی رۆژی شەممە 23-8-2014 لیژنەی باڵای كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان دابوویە نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر، رۆژی یەكشەممە 24-8-2014 سەرۆكی نووسینگەی كوردستانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری هەولێر(سۆكۆڵ كوندی)، پێشوازی لە شاندی باڵای كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان كرد، كە پێك هاتبوو لە رێكخەری كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان (چنار نامق) و ئەندامی لیژنەی باڵای كەرنەڤاڵ (نەوزاد پۆڵێ) كرد.
لەو دیدارەدا شاندی كەرنەڤاڵ باسی لە خواستی گەلی كوردستان بۆ سەربەخۆیی كرد، هەروەها جەختیان لەوە كردەوە كە دوای ئەو هەموو نەهامەتییەی بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە لەلایەن رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق و دواتر ئەنفال و كیمیاباران و بڕینی مووچەی هاووڵاتیانی كوردستان و ئێستایش خەڵكی كوردستان لەجیاتی هەموو دنیا شەڕی تیرۆریستان دەكات، سەرباری ئەو بارودۆخە نەخوازراوە هێشتا كوردستان مەڵبەندی پێكەوەژیان و لێبووردەیی ئایینی و نەتەوەییە.
لای خۆیەوە سەرۆكی نووسینگەی كوردستانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری هەولێر (سۆكۆڵ كوندی) وێڕای بەخێرهاتنی دووبارە، بەڵێنی دا یادداشتنامەكە بگەیەنێتە بارەگای سەرەكیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك. ئەوەیشی دووپات كردەوە كە دەبێت ریفراندۆم ئەنجام بدرێت و ئەنجامەكانی بە فەرمی لە رێگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بگەیەنرێتە ناوەندەكانی بڕیار لە جیهاندا.
بڵند ئیبراهیم




