حکوومەتی ھەرێم کار بۆ بەجینۆسایدناسناندنی کارەساتی شنگال دەکات

ھەولێر-KDP.INFO- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار دەکات بۆئەوەی کارەساتی شنگال وەکو جینۆساید بناسرێت، بۆئەم مەبەستەیش لیژنەیەکی لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پێک ھێناوە.
وەزیری شەھیدان و ئەنفالکراوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان (مەحموود ساڵح) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "دوای ئەو کۆمەڵکوژییەی لەلایەن داعشەوە دەرھەق بە کوردانی ئیزدی کرا، ئەنجوومەنی وەزیران لە 17-ی ئەم مانگە لیژنەیەکی پێک ھێنا، کە لە وەزارەتی شەھیدان و کاروکاروباری کۆمەڵایەتی و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەری کوردانی ئیزدی پێک هاتووە، بۆئەوەی بتوانین لە ڕووی مەیدانی و کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیارییەکان کار بکەین، بۆئەوەی ئەو کارەساتە لە نێوخۆ و عێراق و دەرەوە بە جینۆساید بناسرێت."
وەزیری شەھیدان و ئەنفالکراوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "ئەمڕۆ لیژنەکەمان یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا بۆئەوەی دەست بە کارەکانمان بکەین و داوایش لە ھەموو لایەنێک دەکەین، ھاوکاریمان بکەن بۆ ئەوەی ئەو کارەساتە بە جینۆساید بناسرێت."
زیاتر ڕوونی کردەوە، "ئێمە ئیمێڵێک بڵاو دەکەینەوە و ھەر کەسێک زانیاریێکی ھەبێت لەو رێگەیەوە بۆمانی رەوانە بکەن."
بڵند ئیبراھیم




