باشترە كورد پێداگری لەسەر وەزارەتی دارایی و نەوت بكات.. ترلیۆنێك و 700 ملیار دیناری هەرێم لای بەغدایە

هەولێر-KDP.info- بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، دەبێ كورد پێداگری لەسەر ئەو وەزارەتانە بكات كە بۆ ئێستای كوردستان پێویستن. ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە، سەرجەم پارەكانی هەرێمی كوردستان لەلای بەغدا قەرزن و دەبێت بیانداتەوە.
بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق (د. فازڵ نەبی) لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، "من پێشووتریش بۆچوونم ئەوە بووە كە كورد پێداگری لەسەر وەزارەتی نەوت بكات، چونكە گرفتی گەورەی ئێمە لەگەڵ بەغدا بابەتی نەوتە، ڕاستە لە ڕووە داراییەكەدا ڕەنگ دەداتەوە، بەڵام گرفتە سەرەكییەكە لەسەر نەوتە، بۆیە لە خولی پێشوویش بۆچوونم وابوو بە پلەی یەكەم كورد پێداگری لەسەر وەزارەتی نەوت بكات، ئەگەر نەوت وەرنەگیرا پێداگیری لەسەر وەزارەتی دارایی بكەن، چونكە لە خولی پێشوودا ئەگەر وەزیر كورد بووایە و پیاوێكی بەهێز و بەتوانا بووایە، سەرۆكوەزیران نەیدەتوانی مووچەی خەڵكی كوردستان ببڕێت".
دەربارەی ڕێژەی سەرجەم ئەو پارانەی كە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان نەنێردراون، (فازڵ) ئەوەی خستەڕوو، سەرجەم ئەو پارانە بە ڕێژە لەلای ئەوان هەژمار كراوە، بەڵام نازانن لەسەر چ بودجەیەك خەرج بكرێت لەسەر 2013 بێت یان 2014، چونكە بودجەی 2014 تا ئێستا پەسەند نەكراوە، دەبێت لەسەر بنەمای بودجەی 2013 هەژمار بكرێت كە دەبێت بۆ ئەو مەبەستە بگەڕێینەوە بۆ دۆسیەكان لە كاتێكدا ئێستا ترلیۆنێك و 700 ملیار دیناری هەرێم لە بەغدایە، ئەگەر لەسەر بودجەی 2013 هەژمار بكرێت، كوردستان ترلیۆنێك و 300 ملیار دیناری دەكەوێتە لای بەغدا.
بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق هەروەها ئاماژەیشی دا، تا ئێستا هیچ بڕیارێكی فەرمی بۆ گەڕانەوەی بودجەی كوردستان نییە.
كارزان هەورامی




