بەڕێوەبەری ئاساییشی هەولێر: هەولێر ئارامە

هەولێر-KDP.INFO- بەڕێوەبەری ئاساییشی هەولێر، خەڵکی دڵنیا دەکاتەوە کە مەترسیی دیکە لە هەولێر لە ئارادا نییە و شار ئارامە، (عەمید تاریق) هاوکات دەڵێ، ڕەنگە پاش کەمێکی دی دەربارەی ڕووداوی تەقینەوەکەی بەردەم پەیمانگای تەکنیکیی هەولێر و خەڵکی کوردستان لە بەرەنجامە سەرەتاییەکانی ئاگادار بکەنەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە شوێنی ڕووداوەکەوە دەست KDP.INFO گەیشتوون، ئۆتۆمبێلەکە کە له جۆری هیوندای توكسۆن بووه سێ ژمارەیی تابلۆ سلێمانی بووە و بۆمبی پێوە لكێنراوە و لە ڕێگەی کۆنترۆڵەوە تەقێندراوەتەوە و کرداری خۆکوژی نەبووە.
جیا لە برینداربوونی سێ کەس کە وەک تەنروستیی هەولێر دەڵی، برینەکانیان سووکن، بهشێكی دیواری پهیمانگای تهكنیكیی هەولێریش ڕووخاوه.
بەڕێوەبەری ئاساییشی هەولێر بە KDP.INFO–ی ڕاگەیاند، "خەڵک دڵنیا دەکەینەوە کە مەترسیی دیکە لە هەولی نییە و شار ئارامە"، وەک (عەمید تاریق نووری) گوتی، ڕەنگە پاش کەمێکی دی دەربارەی ئەم ڕووداوە و بەرەنجامە سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستانی لێ ئاگادار بکەنەوە. ئەو جەختیشی کردەوە کە، "باری ئەمنیی هەولێر جێگیرە و ڕەوشەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکاندایە."
شیاوی ماژەیە هەر زوو و پاش تەقینەوەکە، بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و هێزەکانی ئاساییش و پۆلیسیش ڕێوشوێنی ئەمنییان گرتووە بەر و لێکۆڵینەوەیش لە چۆنیەتیی ڕووداوەکە دەستی پێ کردووە.
شیاوی باسە ئەم تەقینەوەیەی هەولێر، پاش سێ تەقینەوەی بە دوای یەکدا دێت کە هەر ئەم ئێوارەیە لە کەرکووک ژمارەیەک قوربانی لێ کەوتەوە.
ئومێد پشدەری




