نوێ کراوەتەوە.. ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەکانی کەرکووک بۆ 85 کەس بەرز بووەوە

هەولێر-KDP.info- سەرچاوە ئەمنی و پزیشکییەکانی کەرکووک رایگەیاند، بە هۆی سێ تەقینەوەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممەی شاری کەرکووک، لانی کەم 85 کەس بوونەتە قوربانی کە هاووڵاتیی مەدەنی و ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکان لە نێویاندا هەن. وەک سەرچاوەکان دەڵێن ڕەنگە بە هۆی ئەوەی کە دوو باڵاخانە کراونەتە ئامانج و ڕماون، ڕەنگە قوربانیی دیکەیش مابێتن و بە هۆیانەوە ژمارەکە بەرزتر ببێتەوە.
ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو ئیوارەی ئەمڕۆ شەممە لە نزیک باڵاخانەیکی تەواونەبووی ناوچەیەکی سەر ڕێگەی بەغدادا تەقیوەتەوە کە، پێشمەرگە وەک خاڵێک بۆ چاودێریکردن سوودیان لێی بینیوە، تەقێندرایەوە. ئۆتۆمبێلێکی دیکەی بارهەڵگر پاش چەند خولەکێک لە تەقینەوەی یەکەم باڵاخانەیەکی دیکەی تەواونەبووی کردە ئامانج کە ئەویش هێزەکانی پێشمەرگەی تێدا جێگیر کراون، تەقێدرایەوە کە تەنیا 500 مەتر لەوەی یەکەمیان وورە، ئۆتۆمێلی سێیەمیش لە هەمان کاتدا لە دەروازەی بازاڕی ڕەحیماوای باکووری شاری کەرکووک تەقێندرایەوە.
بەپێی زانیارییەکان، قوربانیانی تەقینەوەکانی شاری کەرکووک، هاووڵاتیی مەدەنی و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانن.
سەرچاوەکان دەڵین، دەستبەجێ ئەمبوڵانس گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکان و بریندارانیان بۆ نەخۆشخانە گوازتوونەتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش ڕێوشێنی ئەمنیی توندیان گرتووەتە بەر.
زریان زیاد




