١١ ساڵ بەسەر ئازادکردنی شنگال بە سەرپەرشتیی مەیدانیی (سەرۆک بارزانی)دا تێدەپەڕێت

هەولێر-KDP.info- لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە ڕێکەوتی ١٣ی ۱۱ی ساڵی ٢٠١٥، دوای ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دوو ڕۆژە و بە فەرماندەیی و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک مەسعود بارزانی، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان توانییان قەزای شنگال لە چنگی تیرۆریستانی داعش ڕزگار بکەن و ئاڵای کوردستان لەسەر بەرزاییەکانی شارەکەدا بشەکێننەوە.
ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی شنگال، جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنە مێژووییە بوو کە سەرۆک بارزانی بە خوشک و برایانی ئێزدی دابوو، سەرۆک بارزانی وەک پێشمەرگە و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، پێش دەستپێکردنی هێرشەکە، ماوەی زیاتر لە دوو مانگ بە شێوەیەکی بەردەوام لە سەنگەرەکانی پێشەوەی میحوەری شنگال مایەوە و سەرپەرشتیی داڕشتنی پلانی سەربازی و کۆکردنەوەی هێزەکانی کرد.
لە کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەشدا کە زیاتر لە ٧ هەزار و ٥٠٠ پێشمەرگە لە چەندین قۆڵەوە بە پاڵپشتیی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بەشدارییان تێدا کرد، سەرۆک بارزانی خۆی ڕاستەوخۆ لە بەرەکانی شەڕ ئامادە بوو و لە نزیکەوە سەرپەرشتیی پێشڕەوییەکانی پێشمەرگەی دەکرد تاوەکو تەواوی شنگال و ڕێگە ستراتیژییەکانی نێوان مووسڵ و ڕەققە کۆنترۆڵ کرانەوە.
پاش تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنەکە و پاککردنەوەی تەواوەتیی شارەکە، سەرۆک بارزانی لەسەر چیای شنگال کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی مێژوویی ساز کرد و ڕایگەیاند، ئازادکردنی شنگال سەرکەوتنێکی گەورە و مێژووییە بۆ گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە.
سەرۆک مەسعود بارزانی، هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، ئەو سەرکەوتنەی بە تۆڵەسەندنەوەی خوێنی شەهیدان و ئازارەکانی کوردانی ئێزدی ناو برد و ڕوونیشی کردەوە، ئەم سەرکەوتنە بە خوێنی پێشمەرگە قارەمانەکان بەدەست هاتووە و شنگالیش بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکی کوردستان و چیتر ڕێگە نادرێت کارەساتی هاوشێوە بەسەر خەڵکەکەیدا بێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ڕزگارکردنی شنگال پەیامێکی ڕوونە بۆ هەموو جیهان کە تیرۆریستانی داعش دەشکێن.
هەر ئەوکات سەرۆک مەسعود بارزانی جەختیشی کردەوە، ئازادکردنی شنگال کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و یەکلاکەرەوەی لەسەر لاوازکردنی داعش و ئامادەکاری بۆ ئازادکردنەوەی شاری مووسڵ دەبێت و داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکوومەتی عێراق کرد، هاوکار بن لە ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکان.
ڕێکەوتی ٣ی ٨ی ساڵی ٢٠١٤، تیرۆریستانی داعش هێرشێکی دڕندانەیان کردە سەر قەزای شنگال و دەوروبەری و شارەکەیان داگیر کرد، لەو هێرشەدا تیرۆریستان تاوانێکی کەموێنەیان دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دا و کۆمەڵکوژییان دەرهەق بە خوشک و برایانی ئێزدییەکان ئەنجام دا.
لەو جینۆسایدەدا، سەدان و هەزاران هاووڵاتیی بێتاوانی ئێزدی گوللەباران کران، زیاتر لە ٦ هەزار و ٥٠٠ ژن و منداڵ ڕفێنران و سەدان هەزار کەسیش ئاوارەی چیای شنگال و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بوون.
دواتر و پاش زیاتر لە ساڵێک لە خۆڕاگری و ئامادەکاری، لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی و بە فەرماندەیی و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک، دروست لە ڕێکەوتی ١٣ی ۱۱ی ساڵی ٢٠١٥، هێزی پێشمەرگەی کوردستان توانی ئوستوورەی داعش تێکبشکێنێت و شنگال بە یەکجاری لە تیرۆریستان پاک بکاتەوە.
ئومێد بابان




