کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی داوای یەکڕیزی لە هێزە سیاسییەکان دەکات

هەولێر-KDP.info- کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە پەیامێکدا بۆ ڕای گشتی و هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ڕێزگرتن لە دەرئەنجامەکانی پرۆسەی دیموکراسی کردەوە و ڕایگەیاند، نابێت کاراکردنەوەی پەرلەمان و جیاوازییە سیاسییەکان ببنییە هۆی لێکترازان و درزخستنە نێو ماڵی کورد یان مەترسی بۆ سەر قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.
دەقی پەیامەکەی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی:
بۆ ڕای گشتی و هێزە سیاسییەکانی کوردستان
لە کاتێکدا ناوچەکە بە قۆناغێکی یەکجار هەستیار و ئاڵۆزدا گوزەر دەکات، پێشهاتەکانی ئەم دواییەی پەیوەست بە پەرلەمانی کوردستان و پرۆسەی دیموکراسی، تاقیکردنەوەیەکی مێژوویین بۆ سەلماندنی پێگەیشتوویی سیاسی و چەسپاندنی پایەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و نیشتمانی و لە پێگەی بێلایەنیی تەواوەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕێزگرتن لە دەرئەنجامەکانی دیموکراسی بنەمایەکی سەرەکییە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک نابێت دەرئەنجامی پرۆسەی دیموکراسی و کاراکردنەوەی پەرلەمان ببێتە هۆی لێکترازان و درز خستنە نێو ماڵی کورد، یان ببێتە مەترسی بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی هەرێمی کوردستان و قەوارە دەستوورییەکەی.
قەوارەی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی بێوچانی گەلەکەمانە و چاوی ئومێدی نەتەوەکەمانە لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە سەرانسەری جیهاندا، لەم کات و ساتە ناسکەدا، پاراستنی ئەم دەستکەوتە نیشتمانییە لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی، تەبایی و یەکدەنگیی هەموان هەیە.
لەم سۆنگەیەوە، داوا لە تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین، بە تایبەتی هەردوو لایەنی سەرەکی (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان)، کە بە گیانی بەرپرسیاریێتیی نیشتمانی و دوور لە دەمارگیری، لەسەر مێزی دیالۆگ کۆببنەوە و پێکەوە کێشە و ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن، جیاوازییە سیاسییەکان نابێت ڕێگە بۆ دابەشبوون خۆش بکەن، بەڵکو پێویستە ببنە هەوێنی لێکتێگەیشتن لە پێناو بەهێزکردنی سەقامگیری و خزمەتکردنی هاووڵاتییان.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە پێگەی نیشتمانیی خۆیەوە، هەمیشە دەنگی کۆکەرەوە و پارێزەری یەکڕیزیی گەلەکەمان دەبێت، چاوەڕوانی ئەوە لە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەکات کە بە دانایی و پشوودرێژی، ئومێدی گەلی کوردستان بپارێزن و نێوماڵی کورد لە هەموو هەڕەشەیەک بەدوور بگرن.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
7ـی 11ـی 2026




