بەڕێوەبەری پۆلیس بۆ KDP.info باسی هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری و بەهێزکردنی متمانەی گشتی دەکات

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان پۆلیس، وەک دەسەڵاتی جێبەجێکردنی یاسا، لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری، بەهێزکردنی حوکمی یاسا و پاراستنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیان.
عەمید کامل بەرزنجی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''پۆلیس وەک لایەنی بەرپرسیار لە جێبەجێکردنی یاسا، پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی گشتی، ڕێگریکردن لە تاوان و کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگەی پێویست لەبارەی ڕووداو و تاوانەکان، بە پێی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان کار دەکات، لە بەرامبەردا، دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوە یاساییەکان، لە چوارچێوەی دەسەڵات و ئەرکە یاساییەکانی خۆیاندا، چاودێریی پرۆسە یاساییەکان دەکەن و بڕیار و ڕێکارە پێویستەکان بەپێی یاسا دەردەکەن.
بەرزنجی ڕوونیشی دەکاتەوە، ''هەماهەنگیی ئەم دوو لایەنە، بە تایبەتی لە لێکۆڵینەوەی تاوانەکان، جێبەجێکردنی بڕیارە دادوەرییەکان، پاراستنی بەڵگە و ڕێگریکردن لە پێشێلکردنی یاسا، گرنگییەکی تایبەتی هەیە، بێگومان هاوکاریی دامەزراوەیی، گۆڕینەوەی زانیاری لە چوارچێوەی یاسادا و پابەندبوون بە ڕێکارە دادوەرییەکانیش، یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی پرۆسەی جێبەجێکردنی یاسا بە شێوەیەکی ڕێکوپێک، ورد و بەرپرسیارانە بەڕێوە بچێت.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر دووپاتیشی کردەوە، ''ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، جیاکردنەوەی ئەرک و دەسەڵاتەکان و پابەندبوون بە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیان، لە بنەما گرنگەکانی کارکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتن، ئەم بنەمایانە وا دەکەن هەماهەنگیی نێوان دامەزراوەکان لەگەڵ پاراستنی یاسا و دادپەروەری هاوتەریب بن.
عەمید کامل جەختیشی کردەوە کە بەردەوامی و بەهێزکردنی پەیوەندیی دامەزراوەیی نێوان پۆلیس و دەسەڵاتی دادوەری، ڕۆڵێکی کاریگەر لە بەرزکردنەوەی متمانەی گشتی بە دامەزراوەکان، پاراستنی مافی هاووڵاتیان و بەهێزکردنی حوکمی یاسا لە کۆمەڵگەدا دەگێڕێت.
ئومێد بابان




