٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

واشنتن.. ئەم هەفتەیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەرنامەی (پارێزەرانی مرۆڤایەتی) بەڕێوە دەبات

سەرچاوە: KDP.info

ئەمریکا-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی خۆی لە ئەمریکا، بەرنامەیەکی تایبەت بە ناونیشانی (پارێزەرانی مرۆڤایەتی) لە باڵاخانەی ڕەیبۆرن لە کۆنگرێسی ئەمریکا لە واشنتن پێشکەش دەکات. پڕۆژەکە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە (٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦) ئەنجام ببرێت، بە ئامانجی ناساندنی زیاتر و فراوانکردنی پەیوەندییە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی دەزگاکە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

خوناڤ ئەمین، نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەمریکا و سەرپەرشتیاری بەرنامەکە ڕایگەیاند، "ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی، دپلۆماتکار و ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا لە ڕێوڕەسمەکەدا ئامادە دەبن، تا لە نزیکەوە ئاشنای کار و چالاکییە مرۆییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ببن کە وەک پارێزەرێکی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی کار دەکات."

بەرنامەکە لە کاتژمێر ٢:١٥ تا ٥:١٥ی دوای نیوەڕۆ بە ناونیشانی (ڕێزگرتن لە بوێری، پێزانین لە مرۆڤایەتی و زیندووکردنەوەی هیواکان) بەڕێوە دەچێت و تەرکیز دەخاتە سەر نرخ و بەهای خزمەتکردن و هاوکاریی مرۆیی. لە چوارچێوەی چالاکییەکاندا، ڕێز لە ئەزموون و قوربانیدانی هاوبەشی سەربازانی ئەمریکا و پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی هاووڵاتییان دەگیرێت.

هاوکات، تەوەرێکی دیکەی بەرنامەکە تەرخان کراوە بۆ جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان و پاراستنی ئازادیی ئایینی و ناسنامە کولتوورییەکان، ڕێزلێنان لەو کەسایەتی و لایەنانەی بە بەخشینەکانیان پاڵپشتیی بەردەوامی پڕۆژە مرۆییەکانی دەزگاکەیان کردووە بۆ ئاوارە، پەنابەر و خێزانە کەمدەرامەتەکان.

بەڕێوەبردنی ئەم ڕێوڕەسمە لە شوێنێکی وەک کۆنگرێسی ئەمریکا، دەرفەتێکی ستراتیژییە بۆ نیشاندانی ئەزموونی ساڵانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەهێزکردنی هەماهەنگیی دامەزراوەیی لەگەڵ ڕێکخراوە جیهانییەکان.

جێی ئاماژەیە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە لە ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە، لە ساڵی ٢٠١٦وە مۆڵەتی فەرمیی کارکردنی لە ئەمریکا وەرگرتووە و لە ڕێگەی هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکانیەوە بەردەوامە لە فراوانکردنی مەودای خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی بۆ لێقەوماوان و نیازمەندانی ناوچەکە.

هەواڵی پەیوەندیدار