سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ کۆنسوڵخانە و نوێنەری وڵاتان کۆبووەوە

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنج شەممە ٥/١١/٢٠٢٦ لە دەستپێشخەرییەکی دیبلۆماسیدا د. ڤاڵا فەرید سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازی لە کۆنسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان کرد.
لە دیدارێکدا کە هەر یەک لە ڕامی نووری جێگری سەرۆکی پەرلەمان و مونا نەبی نادر قەهوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ئامادەی بوون، تیشکخرایە سەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و جەخت لە پاراستنی قەوارەی دەستووری و شەرعی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
د. ڤاڵا فەرید سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لە گرنگی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بە گوێرەی ماددەکانی (٤٦، ٤٧، ٤٨) لە یاسای ژمارە (١) ی ساڵی ( ١٩٩٢) و پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان کرد و بە هەنگاوێکی پێویستی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دانا، هاوکات ڕایگەیاند؛ دووساڵ دواکەوتن لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان کاریگەری نەرێنی نەک تەنیا لەسەر پڕۆسەی یاسایی هەرێمی کوردستان هەبووە، بەڵکو مەترسی لەسەر مانەوە و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دروستکردبوو، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە سەرجەم فڕاکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان بگەڕێنەوە بۆ بەجێ گەیاندنی ئەرکی پەرلەمانیی خۆیان کە بریتیە لە یاسادانان و چاودێری، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو کە کاراکردنەوەی پەرلەمان دژی هیچ هێز و لایەنێکی سیاسی نیە و لە بەرژەوەندی هەموو لایەن و پێکهاتەکانە.
دواتر جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمانی کوردستان جەختیان لە وتەکانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و کاراکردنەوەی پەرلەمانیان بە گرنگ خستەڕوو بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستەبەرکردنی مافی سەرجەم پێکهاتە و ئاین و ئاینزاکانی هەرێمی کوردستان.

لەلایەن خۆیانەوە کۆنسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان دەستخۆشیان لە هەنگاوی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ پێشخستنی پرۆسەی دیموکراتی لە هەرێمی کوردستاندا و هیوایان خواست لە داهاتووشدا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پەرلەمانی کوردستاندا پتەوتر بکەن.




