٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

ڕۆزە کەریم بۆ KDP.info: پڕۆژەی زمانی کوردی فراوانتر دەکەین و سێ قوتابخانەی تریش دەکەینەوە

سەرچاوە: KDP.info

هۆڵەندا-KDP.info- لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی زمانی دایک و گەشەپێدانی پەروەردەی منداڵان لە تاراوگە، فیدراسیۆنی لاوان لە هۆڵەندا پڕۆژەی فێرگەکانی زمانی کوردی فراوانتر دەکات و بە نیازی کردنەوەی سێ قوتابخانەی نوێیە لە شارەکانی دێنهاخ، نایمێخن و ئاپڵدۆرن.

لەو بارەیەوە ڕۆزە حەمە کەریم لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "پڕۆژەی کردنەوەی فێرگەکانی زمانی کوردی لە هۆڵەندا کە لە ساڵی ٢٠٢٥ دەستی پێکردووە، لە گەشەسەندنی بەردەوامدادایە. تا ئێستا جگه لە قوتابخانەی یەکەم لە ئەمستەردام، دوو قوتابخانەی دیکە لە شارەکانی (ئۆترێخت) و (ئەلمێرە) کراونەتەوە، کە تێیاندا وانەکان بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و بادینی لەلایەن مامۆستایانی پسپۆڕەوە دەگوترێنەوە.

ڕۆزە حەمە کەریم ئاماژەی بەوەش کرد، بە مەبەستی گەیاندنی زمانی کوردی بە زۆرترین منداڵانی کوردی تاراوگە، لە ئایندەیەکی نزیکدا سێ فێرگەی نوێی زمانی کوردی لە شارەکانی دێنهاخ، نایمێخن و ئاپڵدۆرن دەکەنەوە.

ئەم هەنگاوەی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و فیدراسیۆنەکانی لە وڵاتانی تاراوگە، بە ئامانجی پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و کولتوورییە، تا لە ڕێگەی فێربوونی زمانی دایکەوە نەوەی نوێ بە نیشتمان و ڕەگ و ڕیشەی خۆیانەوە ببەستنەوە.

کارزان حەیدەر

هەواڵی پەیوەندیدار