لە کۆنگرەی (ICAPP) شاندی پارتی سیاسەتی نەگۆڕی پارتی لە بەرامبەر ململانێکانی ناوچەکە خستەڕوو

سیئۆل-KDP.info- بە بانگهێشتی فەرمیی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پارتە سیاسییەکانی ئاسیا (ICAPP)، شاندێکی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریی لە سێزدەهەمین کۆنگرەی گشتیی ئایکاپ لە شاری سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور کرد. شاندی پارتی لە کۆنگرەکەدا دوو گوتاری فەرمیی پێشکەش کرد و جەختی لەسەر بنیاتنانی متمانە، پاراستنی مافەکانی گەلی کورد و دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان لە ململانێکانی ناوچەکە کردەوە.
کۆنگرەکە لە ڕۆژانی ٤ تا ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لەژێر دروشمی (دووبارە بنیاتنانەوەی متمانە لە جیهانێکی گۆڕاودا) بە بەشداریی زیاتر لە ٧٠ شاندی پارتە سیاسییەکانی وڵاتانی ئاسیا بەڕێوەچوو. شاندی پارتی پێکهاتبوو لە بەڕێزان عەبدولسەلام زێباری، بەرپرسی دێسکی ئۆراسیا و دلشین میرانی.

لە گوتاری یەکەمدا، شاندی پارتی تیشکی خستە سەر گرنگیی بنیاتنانی متمانەی دوولایەنە و فرەلایەنە وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری. هاوکات مێژوو، ناسنامە و داخوازییە ڕەواکانی گەلی کوردیان خستەڕوو و جەختیان لە ڕێزگرتن لە فرەچەشنیی نەتەوەیی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە کردەوە. لە گوتاری دووەمیشدا، باسیان لە ڕۆڵی ڕاگەیاندنی بەرپرسیارانە و پیشەییی پارتی کرد لە گەیاندنی ڕاستییەکان، بەهێزکردنی لێکتێگەیشتن و ڕووبەڕووبوونەوەی زانیارییە چەواشەکارانەکان.
لە پەراوێزی کۆنگرەکەدا، شاندی پارتی زنجیرەیەک دیداری دوولایەنەی لەگەڵ شاندی پارتە ئاسیاییەکان ئەنجام دا، و تێیاندا دووا پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێگەی هەرێم تاوتوێ کران. شاندەکە دووپاتیان کردەوە کە سیاسەتی نەگۆڕی پارتی ئەوەیە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە ململانێکانی ناوچەکە و نابێتە بەشێکیش لێی.
بەشداریی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەم کۆنگرە نێودەوڵەتییەدا، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دێت بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکان لەگەڵ پارت و ڕێکخراوە جیهانییەکان، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی پشتیوانیی زیاتر بۆ مافە دەستووری و دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان.

