وەزیر بۆ KDP.info: وەزارەتەکان بۆ دەستپێکردنی پڕۆژە نوێیەکە لیژنەیەکی هاوبەش پێکدەهێنن

هەولێر-KDP.info- وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆژەی ڕێکخستنەوەی گواستنەوەی گشتی بە تەواوی ئامادەیە و بەم نزیکانە پاسی مۆدێل ٢٠٢٦ بە سیستەمێکی ئهلیکترۆنیی هاوچەرخ دەگەنە هەرێم کە سەرەتا لە هەولێر و دواتر لە سەرجەم شارەکان دەکەونە کار. هاوکات جەختی کردەوە کە پڕۆژەی ڕێکخستنەوەی تاکسییەکان ٩٥٪ی تەواو بووە و ئامادەکاریش بۆ کاراکردنی (تاکسی میتر) بە قستی درێژخایەن کراوە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، "لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەت بۆ هاوچەرخکردنی کەرتی گواستنەوە، گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای تایبەتمەند کراوە بۆ دابینکردنی پاسی مۆدێل ٢٠٢٦. ئەم پاسانە بە ئەپلیکەیشنی زیرەک کار دەکەن و هێڵکاری و دیزاینی شەقامەکانیان بۆ ئامادە کراوە. دەستپێکی پڕۆژەکە لە شاری هەولێر دەبێت و وەک ئەزموونێک دەگوێزرێتەوە بۆ سەرجەم پارێزگا و شارەکانی تری هەرێمی کوردستان."
سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی تەواوەتیی تاکسییەکان، ئانۆ جەوهەر دیاری کرد، "زیاتر لە ٧٠ هەزار تاکسی تۆمار کراون و لۆگۆ، ژمارە و کارتی زانیارییان بۆ دروست کراوە کە پشکنینی ئەمنی و یاساییان لە بنکەکانی پۆلیس و ئاسایش بۆ کراوە، بە جۆرێک ڕێگە بە هیچ کەسێک نادرێت تاکسی لێبوخڕێت ئەگەر پێشینەی تاوانی هەبێت. بەمەش گرفتی تاکسی بە ڕێژەیەکی بەرز کەم بووەتەوە."
سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی تاکسییەکان، وەزیری گواستنەوە ئاشکرای کرد، "ئامێرەکانی (تاکسی میتر) گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان و لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتەکانی گواستنەوە، ناوخۆ، سامانە سروشتییەکان، پارێزگاکان و سەندیکا دروست دەکرێت بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکە. ئامێرەکان بە قستی درێژخایەن دەدرێنە شوفێران و سیستەمی (GPS) و کامێرای چاودێرییان تێدایە بۆ پاراستنی ئاسایش و ژیانی هاووڵاتییان و شۆفێران."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئانۆ جەوهەر ئاماژەی بە بەرزیی ئاستی ژێرخانی ڕێگەوبانەکانی هەرێمی کوردستان کرد و جەختی کردەوە کە شەقامەکانی هەرێمی کوردستان لە باشترینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن و ئامادەییی تەواویان تێدایە بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە نوێیە، کە سەرەنجام لە قازانجی هاووڵاتییان و ڕێکخستنەوەی شارستانییانەی کەرتی گواستنەوە دەبێت.
بڵند ئیبراهیم




