شاندی فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ لیژنەی وەزاریی حکوومەتی فیدڕاڵ کۆبووەوە

بەغدا-KDP.info- شاندێکی فراکسیۆنی پارتی بە سەرۆکایەتیی د. شاخەوان عەبدوڵڵا لەگەڵ لیژنەیەکی وەزاریی حکوومەتی فیدڕاڵ کۆبووەوە و تێیدا بڕگە و بەندەکانی پڕۆژەیاسای بودجە، دۆسیەی نەوت و زامنکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.
لە دوای کۆبوونەوەی شاندی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، بڕیار درا لیژنەیەکی وەزاریی تایبەت بەسەرۆکایەتیی محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئەندامێتیی وەزیرانی (نەوت، دارایی، و ئاوەدانکردنەوە و دیوانی چاودێری دارایی)، لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی کۆببنەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی بەندەکانی پڕۆژەیاسای بودجە و دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
لەم چوارچێوەیەدا، کۆبوونەوەیەک لە نێوان شاندی فراکسیۆنی پارتی بەسەرۆکایەتیی دکتۆر شاخەوان عبدالله، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و سەرۆکی فراکسیۆن، و شاندی حکوومەت بەسەرۆکایەتیی بەڕێز محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام درا.
لە کۆبوونەوەکەدا، بە وردی گفتوگۆ سەبارەت بە کۆمەڵێک پرسی گرنگ و جێی بایەخ کرا، لە سەروویانەوە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی، دۆسیەی نەوت، زامنکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لە هەمان کاتدا سەرجەم لایەنەکان هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی دروستکردنی کۆدەنگیی سیاسی لەسەر یاسای بودجە، بە جۆرێک کە زامنی دەستەبەرکردنی مافەکانی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق بکات.

