زانیاری لەبارەی ئاستی دابارین و بەردەوامی بارانبارین لە KDP.infoیەوە بزانە

هەولێر-KDP.info- شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، هاووڵاتییانیش لە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووبار و بەنداوەکان ئاگادار دەکرێنەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەتریشقە ڕوو لە ناوچە جیاوازەکان دەکات. ئەمڕۆ شەممە دەستپێدەکات و تاوەکوو ڕۆژی دووشەممە 9-11-2026 بەردەوام دەبێت. ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتیش هاووڵاتییان لە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووبار و بەنداوەکان ئاگادار دەکاتەوە.
ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات ڕایگەیاند، بەپێی پێشبینییەکان زۆرترین ڕێژەی دابارین لە ئەمڕۆ شەممە 7-11-2026 دەبێت و هەورەتریشقەی لەگەڵدا دەبێت، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووبار و بەنداوەکان.
هاوکات ڕۆژی یەکشەممەش بارانبارین بەردەوام دەبێت، بەتایبەت لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی، بەڵام لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بڕی دابارین کەم دەبێتەوە، پاشان لە بەیانیی ڕۆژی دووشەممەوە کاریگەریی شەپۆلەکە بەرەو لاوازی دەچێت.
ئاستی دابارینی پێشبینیکراو بۆ ڕۆژی شەممە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان:
- هەڵەبجە: 30 تاوەکو 37 ملیمەتر
-سلێمانی: 27 تاوەکو 35 ملیمەتر
-ڕاپەڕین: 25 تاوەکو 30 ملیمەتر
-هەولێر، دهۆک، زاخۆ و سۆران: 20 تاوەکو 25 ملیمەتر
-گەرمیان: 18 تاوەکو 25 ملیمەتر
-کەرکووک: 10 تاوەکو 15 ملیمەتر
لە ئاگادارییەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەگەری گۆڕانکاری لە ڕێژەی دابارینەکەدا هەیە، بە جۆرێک دەکرێت بڕی بارانبارینەکە کەمتر یان زیاتر بێت لەو ژمارانەی پێشبینی کراون.




