٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی فەیلی: پێویستە حکوومەتی عێراق ئەرکی خۆی دەرهەق بە جینۆسایدی کوردانی فەیلی جێبەجێ بکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی کوردانی فەیلی سەر بە بارەگای بارزانی گوتی، دوای 43 ساڵ لەجینۆسایدی کوردانی فەیلی، پێویستە حکوومەتی عێراق ئەرکی خۆی دەرهەق بەو تاوانی جینۆسایدە جێبەجێ بکات و قەرەبووی زیان لێکەوتووان بکاتەوە و چارەنووسی قوربانیانیش ئاشکرا بکات و یەکێتی ئەورووپاش لەو کەیسەدا بە کردار هەنگاو بنێت.

عەلی فەیلی، بەرپرسی نووسینگەی کوردانی فەیلی سەر بە بارەگای بارزانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: 43 ساڵ بەسەر جینۆسایدی کوردانی فەیلیدا تێپەڕ دەبێت کە لە ساڵی 1980 کرا و نزیکەی 600 هەزار کوردی فەیلی لە خانەقین و مەندەلی و نەفتخانە و جەلەولا و بەغدا و چەند شارێکی دیکە بەرەو ئێران دەرکران، ئەمەش دوای ئەوەی دەست بەسەر سەروەت و سامانیاندا گیرا و تەنانەت ناسنامە و بڕوانامەی زانکۆکانیشیان لێ وەرگیرایەوە و 22 هەزار گەنجیان ئەو کاتە لە خزمەتی سەربازی بوون کۆمەڵکوژ کران و لە گۆڕی بەکۆمەڵ نێژران و تا ئێستاش ڕوفاتیان ڕادەستی کەسوکاریان نەکراوەتەوە، بۆیە ئەو برینە دوای 43 ساڵ سارێژ نەکراوەتەوە و داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین ئەرکی خۆی بەجێ بێنێت و ئەوانەی زیانیان بەر کەوتووە قەرەبوو بکاتەوە، چونکە تا ئێستا نە قەرەبوو کراونەتەوە و نە ڕوفاتی قوربانیانیش دۆزراونەتەوە.

عەلی فەیلی گوتیشی: لە یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ وەکوو هاوسۆزی بۆ جینۆسایدی کوردانی فەیلی ئاڵایەک وەکوو ڕەمزێک هەڵ دراوە، ڕاستە قۆناغێکی نوێییە، بەڵام هیوادارین تەنها شتێکی ڕەمزی نەبێت و ببێتە قۆناغی کرداری و ئەو خەڵکەی زیانیان بەرکەوتووە قەرەبوو بکرێنەوە  .

فەیلی ڕوونیشی کردەوە: بڕیارە کۆنفرانسێکی زانستیش بکرێت لە یادی جینۆسایدی کوردانی فەیلی، بەڵام بەهۆی مانگی ڕەمەزان نەکرا و بڕیارە دوای مانگی ڕەمەزان ئەنجامبدرێت، کە خەڵک لە هەموو وڵاتان میوان کراون و لەژێر چاودێریی سەرۆک بارزانی بەرێوە دەچێت.

بڵند ئیبراهیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار