٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان

عەلی حوسێن لەگەڵ میدیاکاران و چالاکوانان: پارتی قوتابخانەی بیری نیشتمانی و نەتەوەییە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- ​لە درێژەی دیدار و کۆبوونەوە بەردەوامەکانیدا لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکان، ئەمڕۆ دوشەممە ۲٦ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲٦، عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - هەڵەبجە - ڕاپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئامادەبوونی هەڤاڵانی مەکتەب، لە هۆڵی بۆنەکان لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە میدیاکاران و چالاکوانانی سنوورەکە کۆبووەوە.

​لە سەرەتادا عەلی حوسێن وێڕای دەستخۆشی و سوپاسگوزاری بۆ ڕۆڵی دیار و کاریگەری میدیاکاران، بە وردی تیشکی خستە سەر دوا پێشهات و بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە، هەروەها گوێبیستی بۆچوون و پێشنیازەکانی ئامادەبووان بوو.

​لە بەشێکی قسەکانیدا، عەلی حوسێن جەختی لەسەر بەها نەتەوەییەکان کردەوە و گوتی،

​"پارتی قوتابخانەی بیری نیشتمانی و نەتەوەییە و لەو چوارچێوەیەدا کاردەکات. بۆیە ئامانجی سەرەکیی هەمووان دەبێت داکۆکیکردن بێت لە کوردستان، کە ئەمەش دیدگا و کاری لەپێشینەی سەرۆک مەسعود بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانە."

​ئەوەشی ڕوونکردەوە کە بەرپرسیارێتی ئەرک و هەستکردنە بە مەسئوولیەت، نەک خۆ بەمەسئوول زانین، و ئەرکی سەرەکیی پارتیش خزمەتکردنی نەتەوە و نیشتمانە.

​بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی - هەڵەبجە - ڕاپەڕین ئاماژەی بە هێزی ڕاگەیاندن کرد وەک (دەسەڵاتی چوارەم) و ڕایگەیاند، "ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە دروستکردنی ڕای گشتیدا هەیە، بە جۆرێک کە وڵاتە زلهێزەکانی جیهانیش حسابی تایبەتی بۆ دەکەن و لە ڕێگەیەوە پەیام و دیدگاکانی خۆیان دەگەیەنن.

​لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا، عەلی حوسێن ئاماژەی بە هەندێک هەوڵ و پیلانی ناوخۆیی و دەرەکی کرد کە بە مەبەستی تێکدانی بارودۆخەکە لە ڕێگەی هەندێک میدیاکار و پەیجەوە هێرش دەکرێتە سەر پارتی و بنەماڵەی بارزانی. ناوبراو هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە وڵاتانی ناوچەکە چاویان بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان هەڵنایەت.

​لەو چوارچێوەیەدا بانگەوازی لە میدیاکاران، چالاکوانان و ڕۆشنبیرانی نیشتمانپەروەر کرد کە بە وشیارییەوە ڕوونکردنەوە بدەن، بەرچاوڕوونی بڵاو بکەنەوە و داکۆکی لە ڕاستییەکان و ئاسایشی نیشتمانی بکەن.

​عەلی حوسێن باسی لە جۆرەکانی بەرژەوەندی کرد و گوتی،"بەرژەوەندی دابەش دەبێت بەسەر گشتی و کەسیدا. پێویستە هەمووان کۆدەنگ بین لەسەر پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی، چونکە کاتێک بەرژەوەندیی گشتی پارێزراو بوو، بەرژەوەندیی کەسیش دەپارێزرێت. لەم بوارەشدا ئەرکێکی گەورە دەکەوێتە سەر شانی ڕاگەیاندنکاران و ڕۆشنبیران."

​لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن تیشکی خستە سەر ئاڵۆزی و شەڕەکانی ناوچەکە و گوتی،

"ئەم کێشانەی ناوچەکە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە. ئەگەرچی بە حیکمەتی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی کوردستان، ئێمە نەبووینەتە بەشێک لە شەڕەکان و کوردستان دوور بووە لە کێشەکان، بەڵام گۆڕانکاریی گەورە لە ڕێگەدان، بۆیە زۆر گرنگ و پێویستە وەک نەتەوەی کورد خۆمان بۆ هەموو گۆڕانکارییەکان ئامادە بکەین."

بەرهەم شێخ عزەدین