مەسروور بارزانی لە زاخۆ: هەر بستێک لە خاکی ئێمە بۆ ئێمە موقەدەسە.. پاقژڕاگرتنی ئەرکە

زاخۆ-KDP.info- سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەیەكی گەشتیاری لە زاخۆ، ڕایگەیاند، "كوردستان خاوەن سروشتێكی جوانە و بادینانیش ناوچەیەكی گرنگی گەشتیارییە."
ئەمڕۆ یەكشەممە 25/10/2026، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی گەشتیاریی (گەلیی زاخۆ)، وتارێكی پێشكەش كرد و گوتی، "ئەمڕۆ بەشدارم بۆ دانانی بەردی بناغەی پرۆژەیەكی گەشتیاریی ستراتیژی كە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق نموونەیە و پرۆژەیەكی مەزنە."
سەرۆكی حكوومەت باسی لەوەش كرد، "حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی كارنامەی خۆی و بە هاریكاریی كەرتی تایبەت، گرنگی و بایەخێكی زۆری بە كەرتی گەشتیاری داوە."
دەقی وتارەكەی سەرۆكی حكوومەت:
هەمووان بەخێر بێن، من زۆر خۆشحاڵم كە لەگەڵ ئێوە ئەمڕۆ بەشدارم بۆ دانانی بەردی بناخەی پرۆژەیەكی گەشتیاریی ستراتیژی كە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق نموونەیە و پرۆژەیەكی مەزنە. بەخێرهاتنێكی گەرمی ئێوە هەمووان دەكەم و من خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ بەردی بناخەی ئەم پرۆژەیە دادەنێین و من پشتڕاستیشم كە پاش تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە، دەبێتە هۆی گەشەكردنی زیاتری كەرتی گەشتیاری لە دەڤەری بادینان و لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی.
دەستخۆشی لە كۆمپانیای (مارمۆنتانا) دەكەم و برای ئازیز حاجی سامان بۆ ئەم كارە باشەی كە كردوویەتی و دەستخۆشیی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش دەكەم بۆ ئەو ئاسانكارییانەی كە كردوویانە و بۆ هاریكارییان بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنەران لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ. دەستخۆشی لە خەڵكی زاخۆ دەكەم بۆ پشتیوانیی بەردەوامی ئەوان و بۆ ئەو خۆشەویستییەی كە نیشانیان داوە بۆ ژینگەی خۆیان، بۆ شاری خۆیان و بۆ وڵاتی خۆیان، بە حەقیقەت جێی دەستخۆشی و جێی شانازییە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی كارنامەی خۆی و بە هاریكاریی كەرتی تایبەت، گرنگی و بایەخێكی زۆری بە كەرتی گەشتیاری داوە، ئەمەش لە چوارچێوەی سیاسەتی كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە بۆ ئەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان فرەجۆر ببێت و سەرچاوەكانی داهات لە هەرێمی كوردستان زیاد ببن.
هەرێمی كوردستان، بە تایبەت دەڤەری بادینان لە ڕووی گەشتیارییەوە زۆر شوێنی خۆش و جوانی هەیە و پێگەیەكی گرنگیشی هەیە، هەروەها دەرفەتی زۆر باشیشی تێدا هەیە كە دەبێتە یەكێك لە سەرچاوە هەرە گرنگەكانی داهات لە هەرێمی كوردستان و گەلێك دەرفەتی كاریش بۆ خەڵكی ئێمە و بۆ گەنجانی ئێمە بەردەست دەكەن.
كوردستان خاوەن سروشتێكی زۆر جوانە و زۆریش دڵگیرە. من پێش ماوەیەك هاتمە زاخۆ و سەردانی زۆر شوێنی گەشتیاریم كرد، بە حەقیقەت جێی زۆر جوان و خۆش هەیە، لە هەموویشی دڵخۆشكەرتر باوەڕ بكەن من نەمبینی هیچ زبڵ فڕێ درابێتە سەر ڕۆخی شەقامەكان كە ئەمەش جێی دەستخۆشییە.
من هیوادارم خەڵكی ئێمە سوود لەو پرۆژە گەشتیارییانە وەربگرن، میوانیش دێنە ئێرە، ڕێز لە میوانان بگرن و داخوازیی ئێمە ئەوەیە كە ئەوانیش ڕێز لە ژینگەی هەرێمی كوردستان و لەو پڕۆژانە بگرن، پێكەوە ئێمە بتوانین هەنگاوی باشتر بۆ پێشخستنی ئابووریی هەرێمی كوردستان و بە تایبەتی ئەم دەڤەرە بهاوێژین.
لە سەردەمانی پێشوودا بەداخەوە زۆر زیان بە سروشتی كوردستان گەیشتووە و گەلێك گوندی ئێمە وێران كراون، هەتا ئێستاش لەبەر ئاڵۆزی و شەڕ و پێكدادان و نەبوونی ئەمنیەت و ئاسایش و تەناهی، بە تایبەتی هەندێك خاڵی سنووری، هەموو جێیەك ئاوەدان نەكراونەتەوە، هیوای ئێمە ئەوەیە كە بە زووترین كات ئەو جێیانەش ئارامی و سەقامگیرییان بۆ بگەڕێتەوە و ئەوەش جارێكی دیكە ببنە بەشێك لە پرۆژە گەشتیارییەكان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و پڕۆژەی وەك ئەوەی ئێستا ئێمە دەبینین، لەو جێیانەش بكرێن.
جگە لەوەی كوردستان سروشتێكی جوانی هەیە، لە لایەنی مێژووییشدا زۆر جێی مێژوویی و سەرنجڕاكێش هەن لەسەر ئاستی هەموو هەرێمی كوردستان، لە دهۆك، لە زاخۆ، لە ئامێدی، لە ئاكرێ، لە سێمێل، لە بەردەڕەش، پێویستە من ناوی هەموو جێیەك بڵێم چونكە هەندێك برادەر بەڵكوو، لە باتیفا، لە كانی ماسی، گرنگ دەڤەری بادینان بە شێوەیەكی گشتی، بەڵام دیسان لە هەولێر، لە سۆران، لە ڕواندز، ئەشكەوتی شانەدەر، قەڵای هەولێر خۆی، زۆر جێی سەرنجڕاكێش هەن، خنس، زۆر جێ هەن وەك شوێنەواری مێژوویی خەڵك دەتوانن بێن سوودی لێ ببینن، لە دەڤەری گەرمیان، سلێمانی، ڕانیە، لە قەڵادزێ، زۆر جێی مێژوویی هەن كە خەڵك دەتوانن بچن سەردانی ئەوانە بكەن.
سەرەڕای شوێنەوارە مێژووییەكان، زۆر جێی ئایینیش هەن وەك مزگەوت و كەنیسە و پەرستگە، كە دەتواندرێت ئەو شوێنە ئایینییانەش ببنە هۆكارێك بۆ سەردانی خەڵكێك لە دەرەوە و ناوخۆ بێن سەردانی هەرێمی كوردستان و ئەو جێیانە بكەن. لەبەر ئەوە كوردستان لە باریدا هەیە كە زیاتر گرنگیی بە كەرتی گەشتوگوزاری بدات و ئەو پڕۆژانە زۆرتر جێبەجێ بكەن و دەرفەتی كاریش بۆ خەڵكی دەڤەری زیاتر هەبن، ئەوانیش دەتوانن هەم ئاستی ژیانی خۆیان باشتر بكەن و هەم ئاستی كوالێتیی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لەسەر ئاستی ناوچەكە زیاتر بكەن.
ئەوەی لەسەر حكوومەتیشە ئەوەیە كە حكوومەت هاریكارییەكی زیاتر بكات، ئاسانكاریی زیاتر بكات لە پێدانی مۆڵەت و لە هاریكاریكردنی ئەو پڕۆژانە هاوكاریی بكات و چ پێویست بێت بۆ ئەوەی پڕۆژەی هاوبەشیش ئەگەر هەبن، دیسان حكوومەت هاریكار بێت تا زیاتر ئێمە گرنگیی بە هەمەجۆركردنی ئابووریی هەرێمی كوردستان بدەین.
لە زۆر بواردا حكوومەت ئاسانكاری كردووە، بە تایبەتی دروستكردنی ڕێگەوبان یانیش زیادكردنی خزمەتگوزاریی دیجیتاڵی هەم بۆ دامەزراندنی كۆمپانیا، هەم بۆ خزمەتگوزاریی ڕۆژانەی خەڵكی ئێمە كاتێك دێن ئیشی خۆیان ڕاپەڕێنن، ئەو خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییانە دەكرێ زۆر هاریكار بن تاوەكوو كۆمپانیاكان بە زووترین كات كاری خۆیان بەڕێوە ببەن و هەم خەڵكیش زیاتر سوود لە خێرایی ئەو خزمەتگوزارییانە وەربگرن.
لە كۆتاییدا داخوازیی من لە هەموو هاووڵاتیان و لە گەشتیارانی بیانیش كاتێك دێنە ئێرە ئەوەیە كە ڕێز لە سروشتی هەرێمی كوردستان بگرن، لەو پڕۆژانە بگرن و پاقژی بپارێزن، چونكە بەڕاستی بە نسبەت ئێمە، لە هەرێمی كوردستاندا جگە لەوەی پاقژی سروشتەكەمان جوانتر ڕادەگرێت، بەڵكوو هەر بستێكی خاكی ئێمە بۆ ئێمە موقەدەسە، چونكە خزمەت و خەبات و زەحمەتێكی زۆر بۆ پاراستنی ئەم خاكە ئەنجام دراوە، خوێنی شەهیدانی ئێمە لەسەریدا ڕژاوە، بۆیە پاقژڕاگرتنی خاكی ئێمە و وڵاتی ئێمە ئەركە و هێڤیی من ئەوەیە كە هەمووان ئەو ئەركە جێبەجێ بكەن و سروشتی خۆتان بە پاقژی ڕابگرن، ئینشائەڵا هەر تەندروست و سەلامەت دەبن.
بۆ ناوی پرۆژەكەش من پێشنیازێك دەكەم، ئێوەی زاخۆیی، كاتێك كەسێك زاخۆ بێت پێی دەڵێن زاخۆییە، وا نییە؟ ئەمەش گەلی زاخۆیە، زاخۆ گەلی یانیش بە ئینگلیزیش (Zaxo Vali) واتە ئەگەر ئێوە هەمووی بكەن بە (زاخولی)، بیكەن بە پڕۆژەی زاخولی، گەلێك ناوێكی گونجاوە بە بۆچوونی من، ئەگەر ئێوە پێتان خۆش بێت، ئینشائەڵا سەركەوتوو دەبن و كوردستانیش هەر ئاوەدان بێت. گەلێك سوپاس.
