٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی چەند پڕۆژەیەک لە زاخۆ دادەنێت

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ-KDP.info- بە مەبەستی بەسەرکردنەوە و ڕاگەیاندنی کاروانێکی نوێی پڕۆژەی ستراتیژی لە کەرتەکانی ئابووری، بازرگانی و گەشتیاری، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی دەکات.

سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین وێستگەی گرنگ لەخۆدەگرێت؛ لە بەشی یەکەمی بەرنامەی سەردانەکەیدا و بە ئامادەبوونی خۆی، لقی کۆمپانیای نیسان و چەند پڕۆژەیەکی بازرگانی لە زاخۆ دەکرێنەوە، کە ئامانج لێیان فراوانکردنی کەرتی بازرگانی و ڕەخساندنی دەرفەتی کاری نوێیە بۆ گەنجانی سنوورەکە.

هاوکات لە کەرتی گەشتیاریدا، بڕیارە بەردی بناخەی پڕۆژەی گەورەی (مارمۆنتانا) لە گەلیی زاخۆ دابنرێت، کە بە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە گەشتیارییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دادەنرێت و گوژمەکەی نزیکەی 120 ملیۆن دۆلارە. ڕووبەری پڕۆژەکە هەشت هێندەی کۆڕنیشی زاخۆ دەبێت و پێکهاتووە لە کۆمەڵگەی هۆتێل و مۆتێل، نەخۆشخانە و شوێنی گەشتیاریی سەردەمیانە، کە بە تەواوبوونی، سیمایەکی پێشکەوتوو بە ناوچەکە دەبەخشێت.

بەگوێرەی پلانەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە گەورانە، ژمارەی گەشتیاران لە سنوورەکە بۆ دوو ملیۆن گەشتیار لە ساڵێکدا بەرز دەبێتەوە.

لە درێژەی سەردانەکەیدا، مەسروور بارزانی دوای بەشداریکردنی لە خوانی نیوەڕۆ لەگەڵ خەڵک و کەسایەتییەکانی دەڤەرەکە، پاشنیوەڕۆ سەردانی مەیدانیی کۆڕنیشی زاخۆ و پڕۆژەی وەبەرهێنانی (تۆگا پۆرتۆ مارینا) دەکات، کە لە زنجیرەیەک کافێ و چێشتخانەی براندی جیهانی پێکدێت و ئێستا لە قۆناخەکانی کۆتایی جێبەجێکردندایە.