٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان

مەسروور بارزانی: کوردستان رۆژ بە ڕۆژ بەرەو ئاوەدانیی زیاتر هەنگاو دەنێت

سەرچاوە: KDP.info

شێخان-KDP. info-  مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی کردنەوەی دووسایدی شێخان- باعەدرێ، رایگەیاند، ئەرکی حکوومەتە بەبێ جیاوازی خزمەتی سەرجەم هاووڵاتییان بکات، جەختیشی کردەوە کە سەرەڕای ئاستەنگەکان، کوردستان رۆژ بە ڕۆژ بەرەو ئاوەدانیی زیاتر هەنگاو دەنێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەیەکی گرنگدا، گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، ئەرکی حکوومەتە بەبێ جیاوازی خزمەتی سەرجەم هاووڵاتییان بکات و جەختیشی کردەوە کە کوردستان رۆژ دوای ڕۆژ ئاوەدانتر دەبێتەوە.

سەرۆکی حکوومەت لە دەستپێکی گوتارەکەیدا دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە کرد و گوتی "ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ کردنەوەی ئەم پڕۆژە گرنگە و هیوادارین هەموولایەک سوودی لێ وەرگرن. سوپاسی کۆمپانیای 'نورس لایت' دەکەین بۆ جێبەجێکردنی، بە تایبەتی دەستخۆشییان لێ دەکەین کە توانیان پێش وادەی دیاریکراوی خۆی پڕۆژەکە تەواو بکەن و بیخەنە خزمەت هاووڵاتییانەوە."

مەسروور بارزانی داوای لە دانیشتووانی سنوورەکە و شۆفێران کرد لە پێناو پاراستنی گیانیاندا پابەندی یاساکان بن و گوتی "هیوادارین هاووڵاتییان و دانیشتووانی سنوورەکە سوود لەم شەقامە وەرگرن، هاوکات پابەندی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ بن و سەلامەتیی خۆیان و خەڵکانی دیکە لەبەرچاو بگرن، بەو هیوایەی خێر لەم پڕۆژەیە ببینن."

سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی دیکە لە سنوورەکە دا و رایگەیاند "ئاگادارم لەگەڵ ئەم پڕۆژەیەدا، هەندێک پڕۆژەی دیکەش هاوتەریب جێبەجێ کراون و چەند شەقامێکی دیکەش بۆ گوندەکان کراونەتەوە و خراونەتە خزمەت هاووڵاتییان و دانیشتووانی دەڤەرەکە."

مەسروور بارزانی دووپاتی کردەوە کە ئەرکی حکوومەتە خزمەتی هەمووان بکات و گوتیشی "ئەمە ئەرکی حکوومەتە بەبێ جیاوازی خزمەتی سەرجەم هاووڵاتییان بکات، بەڵام جێگای دڵخۆشییە کە دەبینین کوردستانەکەمان رۆژ لە دوای رۆژ ئاوەدان دەکرێتەوە و پڕۆژەی دیکەش دەخرێنە خزمەت خەڵک."

لە کۆتایی گوتارەکەیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرجەم ستاف و ئەندازیارانی کرد و گوتی "دەستخۆشی لە هەمووتان دەکەم، هەموولایەک ئەرک و زەحمەتی زۆریان کێشاوە، ئینشەڵڵا خودای گەورە پاداشتی هەموولایەک دەداتەوە و هەمووان سوودمەند دەبن، هەمیشە سەرکەوتووبن و کوردستانەکەمان ڕۆژ بە ڕۆژ ئاوەدانتر دەبێت."