٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رێکاره‌كانی حکوومەت وای کردووە جوڵەی بازرگانی زیاد بێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان گوتی، رۆژە بەرۆژ پەیوەندی بازرگانیمان لەگەڵ وڵاتانی جیھان فراوانتر دەبێت و وڵاتی زیاتر دێن بۆ ھەرێمی کوردستان کاری بازرگانی بکەن و ھەر ئەمساڵ چەند وڵاتێکی دیکە  ھاتوون، لەوانە ھیند و بەنگلادیش و چەند وڵاتێکی دیکە.

سەرۆکی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان، دارا جەلیل خەیات، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دۆخی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان باشە و بازاڕ ئێستا جێگیر بووە بەھۆی ئەو رێکارانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناویەتی وای کردووە جوڵەی بازرگانی زیاد بێت، چونکە ئەمە وای کردووە کە نرخی کەلوپەل ھەرزان بێت و جوڵەی بازرگانیش زیادبێت، کە حکوومەت باجی لەسەر چەندین کەلوپەل ھەڵگرتووە، بۆیە ئێستا بەشێوەیەکی گشتی لە ھەرێمی کوردستان دۆخی بازرگانی باشە".

دارا جەلیل خەیات گوتیشی: "پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتان باشە و پەیوەندی بەردەواممان ھەیە و شاندی بیانیش بەردەوام بۆ ئێمە دێن و پڕۆتۆکۆلی بازرگانیمان لەگەڵ زۆر وڵات ھەیە و ھەر ئەمساڵ چەند وڵاتێک ھاتوون بۆ ھەرێمی کوردستان و کارمان لەگەڵیان کردووە وەکو بەنگلادیش و ھیند و چەند وڵاتێکی دیکە و بەردەوام لەھەوڵداین بۆ ئەوەی پەیوەندیەکان لەبواری بازرگانی لەگەڵ وڵاتان فراوانتر بکەین و زیاتر ڕایانبکێشین بێن لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار