٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی تەندروستی ھەرێم، پێشوازی لەو بڕیارەی وەزارەتی تەندروستی ئێران ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و ئێران ڕایگەیاند، وڵاتی ئێران بڕیاریداوە ئامێری شوشتنی گورچیلە بۆ ھەرێمی کوردستان دابین بکات بە خۆرایی و کارمەندیش رابھێنن لەسەر بەکارھێنانی ئەو ئامێرانە، کە لە ناوخۆی ھەرێم پێویستی زۆرمان بەو ئامێرانە ھەیە.

عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "وەزارەتی تەندروستی ئێران بڕیاریداوە وەکو دیاری ئامێری شوشتنی گورچیلە دەداتە ھەرێمی کوردستان، بەجۆرێک بۆ ھەر پارێزگایەک دوو ئامێر و بۆ ئیدارە سەربەخۆکانیش ئامێرێک، چونکە ئامارەکان وا پێشاندەدەن کە نەخۆشێکی زۆری ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەر دەچنە ئێران، بۆیە وەکو ھاوکاری ئەو ئامێرانە بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکەن".

بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و ئێران گوتیشی: "وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش پێشوازی لەو بڕیارە دەکات، کە ھاوکارێکی باش دەبێت بۆ نەخۆشخانەی گورچیلە لە ھەرێمی کوردستان و خزمەتێکی باشیش دەبێت، چونکە لە ھەرێمی کوردستان پێویستمان بەو ئامێرانە ھەیە، بۆیە ئەوانیش ئامادەییان پێشانداوە بەخۆرایی پێشکەشی ھەرێمی کوردستانی بکەن".

عەبدوڵڵا ئاکرەیی ڕوونیشی کردەوە: "بۆ کارکردن بەو ئامێرانەش پێویستە ژمارەیەک کارمەندی تەندروستی ڕەوانەی وڵاتی ئێران بکرێن بۆ ئەوەی ڕاھێنان لەسەر بەکارھێنانی ئامێرەکان بکەن، بۆ ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان کاری پێبکەن".

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار