٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەکێتی پەرلەمانتاران: دەبوایە ھەڵوێست ھەبوایە.. بۆ چەندین ساڵە مادەی ١٤٠ جێبەجێ ناکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان پێی وایە، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵ بۆنی سیاسی لێدێ، دەشڵێ، پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی دادگای فیدڕاڵ بڕیار لەسەر ھەندێ ماددەی دەستووری نادات كه‌ لەبەرژەوەندی کوردن، وەک مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق.

نیعمەت عەبدوڵڵا، سەرۆکی یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو بڕیارانە لە عێراق دەردەچن بۆنی سیاسیان لێدێ ھەرچەندیش دەستووریش بن سیاسەتیان پێوە دیارە، پێویستە ھەرێمی کوردستان بکەوێتە خۆی، چونکە تازە بڕیارەکە دەرچووە، لەبەر ئەوەش دەبێت ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی سیاسی و یاسایی بە بەشداری کەسانی پسپۆر ئەنجام بدات، لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ، تەنیا بەلێدوان ھەڵوێستمان نەبێت، ھەروەھا شاندێک لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێک بێت پێش ئەوەی حکوومەتی عێراق داوا لە ئێمە بکات".

سەرۆکی یەکێتی پەرلەمانتاران گوتیشی: "دەبوایە کوردیش پێشتر ھەڵوێستی ھەبوایە لەبەرامبەر دادگای باڵای فیدڕاڵی، بۆ نموونە چەندین ساڵە بۆچی مادەی ١٤٠ی دەستوور جێبەجێ ناکرێت و دادگای فیدڕاڵی بڕیاری لەسەر نادات و تەعریب ھەر بەردەوامە، نابێـت ئێمە ھەر تەنیا قسە بکەین دەبێت داواکاری پێشکەشی دادگا بکەین".

نیعمەت عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ھەندێک پاڵنەری ناوخۆییی عێراق و دەرەکیش ھەن لە پشت بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، ڕاستە کورد لە ئێستادا ناکۆکە، بەڵام کورد یەکگرتووش بێت لە بەغدا ئەو بڕیارانە ھەر دەردەکرێن، ھەرچەندە بە گوێرەی دەستوور پێویستە مەلەفی نەوت ھەردوو حکوومەت پێکەوە بەڕێوەی ببەن، بەڵام بڕیاری دادگا ھیچ دەرفەتێکی نەھێشتووتەوە و زۆر توندە".

 

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار