دواین زانیاری دەربارەی دامەزراندنی یەکەمەکانی سەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکان

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین گوتی، دوای دەرچوونی فەرمانی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی کوردستان لە زانکۆ و پەیمانگاکان، ئێستا تەنھا ماوە ڕێکارەکان تەواو بکرێن و دەست بە دامەزراندنیان دەکرێت و دواتریش دەستبەکار دەبن .
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''فەرمانی دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچووە و ئەوانەی دامەزراندنەکە دەیانگرێتەوە، دادەمەزرێن.''
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، فەرمانی دامەزراندنی بە شێوەی ھەمیشەیی بۆ سێ یەکەمەکانی ساڵی خوێندنی ٢٠١٦-٢٠١٧ لەسەر ئاستی کۆلیژ و پەیمانگاکان دەرکرد و ژمارەی دەرچووانیش ھەزار و ٦٨٥ کەسە .
سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، دکتۆر جەوھەر فەتاح، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای دەرچوونی فەرمانی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکان، ئێمە ناوەکانمان بۆ وەزارەت ناردووە و فەرمانی وەزارەیشی پێ دەرچووە و لە چەند ڕۆژی داھاتوودا دەست بە جێبەجێکردنی فەرمانەکە دەکرێت.''
دکتۆر جەوھەر فەتاح گوتیشی: ''ئەوەی ماوە تەنھا ھەندێک ڕێکارە و دوای جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارانە، سێ یەکەمەکان ھەر یەکەیان لە شوێنی خۆیان دەستبەکار دەبن، بەڵام چاوەڕێی گەڕانەوەی فەرمانی وەزاری دەکەین بۆ ئەوەی دەست بە مامەڵەی یەکەمەکان بکرێت، چونکە پێویستە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەت و زانکۆ ھەبێت، ئینجا بەپێی ڕێکاری پێویست مامەڵە دەکەن و دەستبەکار دەبن، بۆیە لە کاتێکی نزیکدا دادەمەزرێن.''
بڵند ئیبراھیم




