ھێڵەكانی ئاوی ئیفراز دەگوازرێنەوە و رەوشی ئاو ئاسایی دەبێتەوە

هەولێر-KDP.info- بە ھۆی كاركردن و گواستنەوەوە، بۆریی سێی ئیفراز شكاوە و بڕیارە ئەمڕۆ ھەرسێ ھێڵی ئاوی ئیفراز بگوازرێنەوە، بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێریش دەڵێ: "پێشبینی دەكەین سبەی ھێڵەكان بگوازرێنەوە و رەوشی ئاو لە ھەولێر ئاسایی ببێتەوە".
ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بە ھۆی دروستكردنی ئۆتۆبانی ھەولێر- دھۆك، بڕیار بوو ھەرسێ بۆریی ئاوی ئیفراز بگوازرێنەوە، بەڵام لە كاتی كاركردن بۆ گواستنەوەیان، بۆریی ئیفراز سێ شكاوە و ئەم بەیانییەش دوو تیم كەوتوونەتە كاركردن بۆ ئەوەی ھەم ھێڵەكە چاك بكرێتەوە و ھەمیش بگوازرێنەوە".
بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر دەشڵێت: "بە ھۆی شكان و گواستنەوەی ھێڵەكانی ئاوی ئیفراز، ١٣ گەڕەك و چەندین ناوچەی ھەولێر و كەسنەزان ئاویان بەسەردا دابەش ناكرێت، لەبەر ئەوەش داوا لە ھاووڵاتیانی شاری ھەولێر دەكەین لە شەقامی شۆڕش تا شەقامی كەركووك، دەست بە ئاوەوە بگرن".
ئەحمەد، هەروەها روونیشی كردەوە: "هەموو ھەوڵێك دەدەین بە زووترین كات ھێڵەكان بگوازرێنەوە و رەوشی گەیاندنی ئاو ئاسایی ببێتەوە، پێشبینییش دەكەین لە ماوەی ٤٨ كاتژمێردا كۆتایی بە پڕۆسەی گواستنەوەی ھێڵەكانی ئاوی ئیفراز بێت".
قائید میرۆ




