بەمزووانە کونسوڵخانەی ئەرمینیا لە هەولێر دەکرێتەوە

ھەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد، بەمزووانە کونسوڵخانەی ئەرمینیا لە هەولێر دەکرێتەوە و ئیدارەی شارەکەش ئامادەیە بەهەموو شێوەیەک هەماهەنگی، هاوکاری و ئاسانکارییان بۆ بکات.
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازی لە هیراتیچیا بۆلادیان، باڵیۆزی کۆماری ئەرمینیا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا فرسەت سۆفی و باڵیۆزی ئەرمینیا باسیان لە پەیوەندی و دۆستایەتیی مێژوویی نێوان ئەرمینیا و کوردستان کرد. فرسەت سۆفی دەڵێ "جەختمان لەسەر پەرەپێدانی زیاتری ئەو پەیوەندییە مێژووییە و دۆستایەتییەی نێوان یەریڤان و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی بازرگانی و پیشەسازی و گەشتیاری کردەوە".
پارێزگاری هەولێر دەڵێ "هەواڵی کردنەوەی کۆنسوڵخانەی گشتیی کۆماری ئەرمینیا بەمنزیکانە، لە هەولێر دڵخۆشی کردین... هەرچی پێویست بێت لەسەر ئێمە وەک ئیدارەی شاری هەولێر، لە ئاسانکاری و هاوکاری و هەمەهەنگی لەگەڵیان بەهەموو شێوەیەک ئامادەین".
بەگشتی زیاتر لە 20 کونسوڵخانەی وڵاتان لە هەولێر هەن، لەگەڵ ژمارەیەک نووسینگەی کونسوڵگەرییەکان و شەش کونسوڵگەریی فەخری.




