عیسا گفتوگۆی سبەی نێوان ھەرێم و بەغدا بۆ KDP ئاشکرا دەکات

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند، سبەی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و دوو پرس لەگەڵ حکوومەتی عێراق گفتوگۆ دەکەن، ئەوانیش بریتین لە بودجە و نەوت.
فارس عیسا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بڕیارە سبەی شاندی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە ھەمان شاندی ڕابردووە، سەردانی بەغدا بکات و لەو سەردانەدا گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی عێراق دەکات لەبارەی دوو تەوەری گرنگ، ئەوانیش پرسی بودجەی ھەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجە و پرسی نەوتن، بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن و ئەم جارە ئومێدمان ھەیە رێککەوتن بکرێت.
عیسا گوتیشی، ھەر کاتێک رێککەوتنی سیاسی لەسەر بودجە و نەوت کرا، دواتر ئەو رێککەوتنە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیر دەکرێت، کە ئێستا کار بۆ ئامادەکردنی بودجەی ساڵی داھاتوو دەکرێت و کوردیش لە ئامادەکردنیدا بەشدارە.
بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، بەڵام سەردانەکە بۆ سبەی دواخرا.
بڵند ئیبراھیم




