٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"کورد دەبێ بچێتە نێو هەناوی سیاسەتی جیهانەوە ''

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info- پسپۆڕێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە بەریتانیا دەڵێت، پەیوەندییەکانی بەریتانیا لە سەردەمی ئیمپراتۆریدا پێش سەدەیەک لەگەڵ کوردەکاندا لەوپەڕی بەهێزیدا بوو، چونکە لەوکاتەدا بریتانیا وڵاتی داگیرکراوی هەبوو، لەوانەش کوردستان بوو، ئێستاش دەبێ کورد پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بەرفراوانتر بکات، بەتایبەت لەگەڵ بریتانیا.

د. زارا ساڵح، لە لێدوانێکی تایبەتی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا گوتی: ''بەریتانیا لە زۆر کاتدا لە بڕیارەکانی خۆی بەرامبەر کورد پاشگەز بووەتەوە، لەو کاتی ئیمزاکردنی پەیمانی سیڤەر لە نێوان براوەکانی جەنگی جیهانیی یەکەمدا بەریتانیا و فەرەنسا سەرکەوتوو بوون، لەو کاتدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوینیان دابەش کرد ئۆتۆنۆمییان بە کورد دا، لەوێشدا بڕیاریان دا کە ویلایەتی مووسڵ دوای ساڵێک گشتپرسیی تێیدا بکەن ئەگەر بخوازن ئەوا دەتوانن لەگەڵ کوردستان بن، بەڵام دوای ساڵیک لە ساڵی ١٩٢١ ئەوان پاشگەز بوونەوە و لە پەیمانی سیڤەردا هەموو شتێک تێک درا."

گوتیشی: "دوای دۆزینەوەی نەوت لە عێراق و بەتایبەت لە کەرکووک هەڵوێستی برێتانیا بەرانبەر پرسی کورد بەرەو ئاستی خوارەوە دابەزی، بەریتانیا بەرژەوەندییەکانی خستووەتە پێش سۆز و بەرانبەر کورد لە ڕیفراندۆمدا هەڵوێستی نەرێنییان هەبوو، ئەوان مانەوەی کوردستان لە عێراقدا بە بەرژەوەندیی خۆیان دەبینن، بەڵام پێ دەچێت لە ئایندەدا هەڵوێستیان بگۆڕدرێت."

گۆڕانکاریی سیاسی و نەخشەیەکی نوێی جیۆپۆلیتیکی لە ناوچەکە دروست دەبێت، د. زارا ساڵح گوتیشی: ''دوای ڕووداوکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ هەندێک پەیوەندییەکانی کورد و بەریتانیا پچرانی تێ کەوت، بەڵام ئێستا کۆمیتەیەک (گرووپێک) لەنێو پەرلەمانی برێتانیا بۆ پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا هەیە، ئەوان هاوکاریی پەیوەندییە ئابوورییەکان و پێوەندیی خوێندن و سەربازی لەگەڵ کوردستان دەکەن، نەخشەیەکی نوێی سیاسی لە ناوچەکە لە قۆناغی دروستبوونەوەدایە پێ دەچێ بەریتانیاش پشتیوانیی کەیسی کورد بکات."

بڕیاری کوردستان لە دەست وڵاتاندا نییە تا بڕیار لەسەرچارەنووسی کورد بدەن، بەڵکو بڕیار لای کوردەکانە و دەبێت کورد پەیوەندییەکانی بەهێز بکات و لەنێو خۆدا یەکگرتوو و یەکهەڵوێست بن و ناکۆکییەکانیان لا ببەن و بۆ بەریتانیا وئەمەریکای دیار بکەن کە یەکگرتوون.'' د. زارا وای گوت.

ئاماژەیش دا: "دەبێ کورد پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بەهێز بکات و لۆبییەکی گەورە دروست بکات تا بچنە نێو هەناوی سیاسیی وڵاتانی جیهانەوە."

 

کــاروان بــاعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار