٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بریكاری وەزیر بۆ KDP: ئەوەی ھەندێ راگەیاندن بڵاوی دەكەنەوە دوورە لە راستییەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- شاندێكی ھەرێمی كوردستان چەند رۆژێكە لە بەغدایە، بۆ ئەوەی بەشدار بن لە ئامادەكارییەكانی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا، بریكاری وەزارەتی پلاندانانی  حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش دەڵێ، ھێشتا نەگەیشتووینەتە ئەوەی پشكی ھەرێم لە نێو بودجەی عێراقدا چەندە.

زاگرۆس فەتاح، بریكاری وەزارەتی پلاندانان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە شاندێكی تەكنیكین لە بەغدا و تا ئێستا تەنیا یەك كۆبوونەوە بەڕێوە چووە، سەردانی شاندەكەشمان مەبەست لێی ئەوەیە، بەشدار بین لە ئامادەكارییەكانی كۆی بودجەی گشتیی عێراق نەك تەنیا ھەرێمی كوردستان، ھەروەھا جێگەی پێداویستیی ھەرێمی كوردستان لەنێو بودجەی گشتیی عێراقدا بكەینەوە".

بریكاری وەزارەتی پلاندانان، كە ھاوكات سەرۆكی شاندەكەی ھەرێمی كوردستانیشە، دەڵێت: "داوامان كردوە بودجەی بەكاربردن كەم بكرێتەوە و لەبەرامبەردا بودجەی وەبەرھێنان زیاد بكرێت، ھەروەھا بودجەی وەبەرھێنان خەرج بكرێت بە كردار نەك وەك ساڵانی رابردوو دیاری بكرێت و خەرج نەكرێت".

فەتاح ئاشكراشی كرد، دانوستانەكانی ئامادەكاری بودجەی گشتیی عێراق، تا كۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

لەبارەی دیاریكردنی رێژەی ھەرێمی كوردستان لەنێو بودجەی گشتیی عێراقدا، زاگرۆس فەتاح روونی كردەوە: "ئێمە نەگەیشتووینەتە قۆناغی دیاریكردنی ژمارە وەك پشكی ھەرێمی كوردستان، بەڵام كار دەكەین بۆ ئەوەی پشكی ھەرێمی كوردستان لە ساڵی داھاتوو دیار بێت، ئەوەیشی بڵاو دەكرێتەوە لە ھەندێ راگەیاندنەكان، دوورە لە راستییەوە، چونكە ھیچ رێژەیەك دیاری نەكراوە".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار