کوردۆ ئیحسان: پێنج پڕۆژەی نوێی وەبەرھێنان لە دھۆک جێبەجێ دەکرێن

دهۆک-KDP.info- لە سنووری پارێزگای دھۆک پێنج پڕۆژەی نوێی وەبەرھێنان دەکەونە واری جێبەجێکردنەوە و بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆکیش دەڵێت، پڕۆژەکان لە کەرتی پیشەسازین و لە ڕۆژانی داھاتوو دەچنە واری جێبەجێکردنەوە.
کوردۆ ئیحسان، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "چەندین کۆمپانیا و وەبەرھێنەر داوای پێدانی مۆڵەتیان کردووە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرھێنان لە سنووری پارێزگای دھۆک و داواکارییەکانیش لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت بۆ ئەوەی ئەوانەی پێویستن مۆڵەتیان بدرێتێ."
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆک گوتی: "ئێستا پێنج پڕۆژە کارەکانیان لە قۆناغی کۆتاییدایە و لە ڕۆژانی داھاتوو بەردی بناغەیان دادەنرێت بۆ ئەوەی بچنە واری جێبەجێکردنەوە."
کوردۆ ئیحسان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پڕۆژەکان زیاتر لە کەرتی پیشەسازین، چونکە لە ھەرێمی کوردستان زیاتر پێویستی بە کەرتی پیشەسازی و چەند کەرتێکی دیکە ھەیە بۆ ئەوەی زیاتر ئابووریی ھەرێمی کوردستان گەشە بکات."
قائید میرۆ




