سێیەم وێستگەی بەرھەمھێنانی كارەبای هەرێم ٧٠%ی كارەكانی تەواو كراوە

ئامێدی-KDP.info- كاركردن لە وێستگەی ھایدرۆپاوەری دێرەلوك دەستی پێكردووە و، بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلوكیش دەڵێ، بە تەواوبوونی، دەبێتە وێستگەی سێیەمی كارەبا لە ھەرێمی كوردستان.
سامی ئوشانە، بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلوك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، وێستگەی ھایدرۆپاوەری كارەبا لە ناحیەی دێرەلوكی سەر بە قەزای ئامێدی، بە گوژمەی ١٥٠ ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەكرێت و تا ئێستا ٧٠%ی كارەكانی تەواو كراوە و كاركردنیش تێدا دەستی پێكردووەتەوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی دیرەلۆك گوتیشی، بە ھۆی قەدەغەی ھاتوچۆ و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كاركردن لە پڕۆژەكەدا راگیرابوو، لەبەر ئەوەی لەلایەن كۆمپانیایەكی ئێرانییەوە جێبەجێ دەكرێت و لە كاتی راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆ ھەموو كرێكار و ئەندازیارەكان گەڕابوونەوە وڵاتەكەیان، بەڵام ئێستا ٢٠٠ كرێكار و تیمی كاركردن گەڕاونەتەوە.
ئوشانە، روونیشی كردەوە، پڕۆژەكە توانای بەرھەمھێنانی ٣٨ مێگاوات كارەبای ھەیە و بە تەوابوونیشی، دەبێتە سێیەم وێستگەی بەرھەمھێنانی كارەبا لە دوای دوكان و دەربەندیخان، ئەوەش سوودی بۆ زیادبوونی كارەبای نیشتیمانی دەبێت، بە تایبەت بۆ دەڤەری ئامێدی.
قائید میرۆ




