٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شوێنە گەشتیارییەكان بە مەرج پێشوازی لە گەشتیاران دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار راگەیاند، بە ھۆی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ماوەیەكی زۆر بوو شوێنە گەشتیارییەكان داخرابوون، بەڵام لە ئێستادا ھەموو شوێنە گەشتیارییەكان لە پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان كراونەتەوە و پێشوازی لە گەشتیاران دەكرێت. دەشڵێ، بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستان بووژانەوەی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە، چونكە گەشتوگوزار كاریگەری لەسەر ھەموو كەرتەكانی تر دروست دەكات.

سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم، مەولەوی جەبار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھاتنی گەشتیاران كاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر بواری ئابووریی ھەرێمی كوردستان و بۆ سەرجەم كەرتەكانیش كاریگەرە، چونكە بە ھاتنی ئەو گەشتیارانە بازاڕ و شوێنە گەشتیارییەكان جووڵەیەكی زۆر باش بەخۆیانەوە دەبینن، كە ھەموو كەرتەكانیش سوود لە گەشتیار وەردەگرن، هەروەها كاریگەریی هاتنی گەشتیاریش بە دوو جۆرە، راستەوخۆ و ناڕاستەخۆ، كە بە ھەردووك جۆرەكەی كاریگەریی گشتی دەبێت لەسەر جووڵەی بازاڕەكانی باشووری كوردستان".

مەولەوی ئەوەشی راگەیاند: "ئێمە دەبینین بازاڕەكان لە ئێستادا جیاوازییەكی زۆریان ھەیە لەگەڵ پێش ئەو كاتەی گەشتیاران سەردانی شوێنە گەشتیارییەكان بكەن، چونكە رۆژ لە دوای رۆژ كەرتی گەشتیاری و بازاڕەكان جووڵەی باشتر بەخۆیانەوە دەبینن".

گوتیشی: "ھەموو رێنماییە تەندروستییەكان لە دەستەی گەشتوگوزار دەرچوون و بەسەر شوێنە گەشتیارییەكان دابەش كراون، بە تایبەت بۆ خاوەنی ھوتێل و موتێل و كەپرەكان و چێشتخانە و ھەموو خاوەنی شوێنە گەشتیارییەكان بە مەبەستی خۆپارێزی و جێبەجێكردنی رێنماییەكان، ھەر شوێنێكیش پابەندی رێنماییەكان نەبێت، ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە".

ئەو ھەروەھا جەختی لەوەش كردەوە، ژمارەیەك پڕۆژەی نوێی گەشتیاری كاریان لەسەر دەكرێت و بەشێكیان ئامادە كراون بۆ جێبەجێكردنیان، بەشێكی تریشیان لە پلان و ئامادەكاریدان، بەڵام بە ھۆی ئەم پەتایەوە پرۆژەكان دواكەوتن، ھەر كاتێك بارودۆخەكە گونجاو بوو لە رووی تەندروستی و ئابوورییەوە، وەبەرھێنەكان دەست دەكەن بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی نوێی گەشتیاری بە شێوازی سەردەمیانە.

دەشڵێت: "داوامان لە ھەموو شوێنە گەشتیارییەكان كردووە رێكلامی خۆپارێزی بڵاو بكەنەوە بۆ گەشتیاران، تاوەكو زیاتر گەشتیاران خۆیان بپارێزن و رێنماییەكان جێبەجێ بكەن".

 

سیروان سابیر

 

هەواڵی پەیوەندیدار