نەخۆشخانەی ٧٢ قەرەوێلەییی ھەولێر بە شێوەیەکی مۆدێرن و سەردەمیانە دروست دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری تەندروستیی ھەولێر گوتی، دوای ئەوەی بڕیار بوو نەخۆشخانەی ٧٢ قەرەوێڵەییی ھەولێر بۆ کۆرۆنا بە شێوەی کاتی دروست بکرێت، ئێستا بڕیارەکە گۆڕدراوە و بڕیار دراوە بە شێوەیەکی ھەمیشەیی و مۆدێرن دروست بکرێت و ھەیکەلەکەی تەواو بووە و لە سەرەتای مانگی داھاتووەوە بە شێوەیەکی چڕ دەست بە کارەکانی دەکرێت.
بەڕێوەبەری تەندروستیی ھەولێر، دکتۆر دلۆڤان محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیار بوو نەخۆشخانەیەکی ٧٢ قەرەوێڵەیی بە پارەی خێرخوازان لە ھەولێر بە سەندەویچپەنەر و لە ماوەیەکی کەمدا بۆ کۆرۆنا دروست بکرێت، بەڵام پارەی ئەوان بەشی نەکرد، بۆیە ڕێکخراوەکان و یوئێن ھاتوونەتە پێش و بڕیارە نەخۆشخانەکە بە شێوەیەکی مۆدیرن و ھەمیشەیی دروست بکەن، کە ببێتە نەخۆشخانەیەک چارەسەری دیکەیشی تێدا بکرێت و بمینێتەوە نەک تەنھا کاتی بێت بۆ نەخۆشیی کۆرۆنا، ھەربۆیە دروستکردنی ھەندێک دوا کەوت لەبەر ئەوەی شێوەی دروستکردنەکەی گۆڕانکاریی بەسەردا ھاتووە."
بەڕێوەبەری تەندروستیی ھەولێر گوتیشی: "ئێستا ھەیکەلی نەخۆشخانەکە تەواو بووە و کاری تێدا بەردەوامە و بڕیارە لە سەرەتای مانگی داھاتووەوە بە شێوەیەکی چڕ کارکردن لەو نەخۆشخانەیە بەردەوامیی پێ بدرێت تا تەواو دەکرێت."
گوتیشی، پێشتر بڕیار بوو بە ٤٥ ڕۆژ نەخۆشخانە کاتییەکە تەواو بکرێت، بەڵام ئەوەیان جیاوازە و زۆر مۆدێرن و سەردەمیانە دروست دەکرێت .
بڵند ئیبراھیم




