سەرۆكی شارەوانیی ھەولێر: مۆڵەتی ھەشتا پڕۆژە ھەڵوەشێندرانەوە

هەولێر-KDP.info- لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی ھەولێر، مۆڵەتی ژمارەیەك پڕۆژە ھەڵوەشێندرانەوە و سەرۆكی شارەوانیی ھەولێریش دەڵێ، ئەوانەی مۆڵەتیان وەرگرتبوو، پابەند نەبوون، بۆیە مۆڵەكەیان ھەڵوەشاوەتەوە.
ئەندازیار عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانیی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیان: "دوای پێداچوونەوە، مۆڵەتی ژمارەیەك پڕۆژەی شارەوانی ھەڵوەشێندراونەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەوانەی مۆڵەتیان وەرگرتبوو تا پڕۆژە ئەنجام بدەن، بەڵام پابەند نەبوون بە مۆڵەتی شارەوانییەوە".
سەرۆكی شارەوانیی ھەولێر دەشڵێت: "پڕۆژەكان ژمارەیان ھەشتا پڕۆژەی جۆراوجۆرە و ھەموویان سەر بە شارەوانیی ھەولێرن، بەپێی یاسا و بڕیارەكان ھەر كەسێك پابەند نەبێت بە مۆڵەتەكەی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە، مۆڵەتەكەی ھەڵدەوەشێندرێتەوە".
جەختیشی كردەوە: "ئەم ھەنگاوەی ھەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەكان لە چوارچێوەی پڕۆسەی چاكسازی دێت لە شارەوانی و، بەردەوامیش دەبین ھەر كەسێك مۆڵەتی وەرگرتبێت و پابەند نەبێت، بێگومان رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگرینە بەر".
قائید میرۆ




